دەروونناسێک: هاووڵاتییان بە شڵەژان خۆیان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کاڵا
مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی دەروونناسی رایدەگەیەنێت، ترس و شڵەژانی هاووڵاتییان لە کاتی گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکییە بۆ گرانبوونی نائاسایی کاڵاکان لە بازاڕدا، هاوکات داوا دەکات خەڵک بە هۆشیاری و ئارامی مامەڵە بکەن و نەکەونە داوی کڕینی زیاد لە پێویست.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد سەیدە، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونناسی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند:لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار یان دەرچوونی هەر بڕیارێکی دارایی، جۆرێک لە تێگەیشتنی نادروست لەناو کۆمەڵگە دروست دەبێت، بە جۆرێک لە منداڵەوە تا بەساڵاچوو پێیان وایە ئیتر ژیان وێران بوو و کۆتایی هات، لە کاتێکدا دەبێت هاووڵاتی بزانێت مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتانە پێویستی بە پسپۆڕیی دارایی هەیە و پێویست ناکات هەموو کەسێک خۆی بە شارەزا بزانێت و ترس بڵاوبکاتەوە.
ئەو پسپۆڕەی دەروونناسی هۆشداری دا لەوەی ترسی هاووڵاتییان هۆکاری سەرەکییە بۆ قۆستنەوەی دۆخەکە لەلایەن هەندێک کەسی چاوچنۆک و بازرگانەوە و گوتی:کاتێک هاووڵاتی تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت و دەچێت شتی زیاد لە پێویست دەکڕێت، خۆی دەبێتە پاڵپشت و هۆکار بۆ ئەوەی مارکێتەکان شتومەکی لەسەر گران بکەن، پرسیارەکە ئەوەیە: ئەو مارکێتەی مانگێک یان دوو مانگە کاڵاکەی هێناوە و بە نرخی کۆن کڕیویەتی، بۆچی دەبێت ئەمڕۆ لەسەر هاووڵاتی گرانی بکات؟ ئەگەر هاووڵاتی بە عەقڵانییەت و رۆشنبیری مامەڵە بکات و کاڵای زیادە نەکڕێت، کێشەیەکی ئەوتۆ دروست نابێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوە و دابەزینی دۆلار لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و گوتی: نەرێنییەکەی گرانبوونی کاڵایە و ئەرێنییەکەشی قازانجی هەندێک کەسە لە ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵام هاووڵاتیی رۆشنبیر دەتوانێت هاوسەنگییەکە رابگرێت، هەموو شتێک بەرز دەبێتەوە دیسان دادەبەزێتەوە، دۆخەکە کاتییە و پێشتریش ئەمە رووی داوە و دواتر بازاڕ گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، ئەحمەد سەیدە رەخنەی لە شێوازی رووماڵی هەندێک لە کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن گرت و گوتی: بەشێک لە میدیاکان رۆڵێکی خراپ دەگێڕن و بۆ کۆکردنەوەی بینەر، دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست دەکەن و هانیان دەدەن بۆ شڵەژان، لە بەرامبەردا راگەیاندنی هاوسەنگ ئەو راگەیاندنەیە کە هاوسەنگی رادەگرێت و لە پاڵ بۆچوونی ئابووریناسێکدا، رای دەروونناسێک، کۆمەڵناسێک و کەسێکی ناو بازاڕیش وەردەگرێت.
ئەو پسپۆڕەی دەروونناسی پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند: هاووڵاتی خۆی خاڵی دەستپێکی دڵەڕاوکێیە و خۆیشی خاڵی دەستپێکی هێوربوونەوە و چارەسەرە، ئەگەر تاکێک لە رووی دەروونییەوە ئارام بێت و سەقامگیریی خۆی بپارێزێت و بەدوای دەنگۆ نەکەوێت، شیرازەی بازاڕ و خێزان و کۆمەڵگە تێک ناچێت، چونکە ئەم شەپۆلانە کاتین و تێدەپەڕن.