ناتانیاهۆ: لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە دەکەین بەشدارییان لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا کردووە

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە، وڵاتەکەی ئەرکەکانی خۆی تەواو دەکات و سزای سەرجەم ئەو لایەن و کەسانە دەدات لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا دەستیان هەبووە.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا، سەرۆکوەزیرانی رایگەیاند: ئێمە ئەرکەکە بە کۆتا دەگەیەنین و لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکەین بەشدارییان لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا کردووە.

ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە نووسینگەکەی لە قودس، وەک رێزلێنانێک بۆ یادی کوژراوان لە سێیەمین ساڵیادی ئەو هێرشانەدا مۆمێکی داگیرساندووە و پەیمانی تۆڵەسەندنەوەیداوە لە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی لەو کردەوەیەدا دەستیان هەبووە یان تێوەگلاون. 

 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە هێرشێکی بەرفراوان و لەناکاوی لەژێر ناوی تۆفانی ئەقسا کردە سەر ناوچە و ئۆردوگا نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا نزیکەی 1,200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران و بۆ ناو کەرتی غەززە بردران.

لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان و جەنگێکی وێرانکەری لە کەرتی غەززە دەستپێکرد، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی، وێرانبوونی بەشێکی زۆری ژێرخانی کەرتەکە، و سەرهەڵدانی قەیرانێکی مرۆیی قووڵ. ئەو جەنگە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام کاردانەوەی گەورەی ئەمنی لێکەوتووەتەوە و ئاڵۆزییەکانی بۆ بەرەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەلکێش کردووە.