پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەشێوەی جیاواز قسەی لەسەر دەکرێت

دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی دەنگۆی «پرۆسەیەکی نوێ» لە باکووری کوردستان و تورکیا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستاش لایەنەکان لەسەر ناونان، ئامانج و ناوەڕۆکی پرۆسەکە ناکۆکن؛ دەسەڵات ناوی ناوە «تورکیای بێ تیرۆر» و لایەنی کوردیش وەک «بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و چارەسەری پرسی کورد» لێی دەڕوانێت.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024دا، بە دەستپێشخەری و بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، باس لە قۆناخێکی نوێ بۆ دانوستان و پرسی ئاشتی هاتە ئاراوە. هاوکات لەگەڵ دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرسی هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک خرایە بەرباس، بەڵام دوای دوو ساڵ هێشتا نە چەکدانان بە فەرمی راگەیەندراوە، نە کۆمیسیۆنێک پێک هێنراوە و نە هیچ یاسایەکیش لە پەرلەمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پەسەند کراوە.

بەشێک لە ئەکادیمیست و چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی تورکیا بە رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت و مەبەست لێی چارەسەرکردنی راستەقینەی پرسی کورد نییە، بەڵکو بەکارهێنانیەتی وەک کارتێک بۆ پاراستنی سیستەم و دەسەڵات.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە چوارچێوەی گوتاری دەوڵەتدا، بە هیچ شێوەیەک باسی زمانی کوردی، ناسنامە و مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد ناکرێت، بەڵکو تەواوی باسەکە لە بازنەی پرسە ئەمنییەکان و دروشمی «تورکیای بێ تیرۆر»دا قەتیس کراوە، ئەمەش نیشانەی نەبوونی نەخشەڕێگەیەکی ڕوونە بۆ چارەسەریی بنەڕەتی.

لەلایەکی دیکەوە، سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە نێوان گوتاری دەسەڵات و داخوازییەکانی کورد مەودایەکی زۆر هەیە، سەرکردەکانی لایەنە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، دەسەڵات دەیەوێت پرۆسەکە تەنیا لە چەکداناندا کورت بکاتەوە، لە کاتێکدا لایەنی کوردی داوای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی دەکات.

چاودێران دۆخەکە بەوە دەچوێنن کە هەردوولا لەسەر دوو هێڵی تەواو جیاواز و دژبەیەک دەڕۆن و هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە؛ لایەنێک باسی لەناوبردنی هەڕەشە ئەمنییەکان دەکات و لایەنەکەی دیکەش باسی چارەسەری سیاسی دەکات.

وەک لە راپۆرتەکەی دیاربەکردا هاتووە، لە سایەی ئەم ناکۆکی و دیدگا دژبەیەکانەدا، پرسی سەرەکیی کورد و مافە رەواکانی پەراوێز خراوە و بەرەو پاشەکشە براوە، لە کاتێکدا هێشتا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ پێکهێنانی زەمینەیەکی یاسایی و بڕیاری بوێرانە لەلایەن دەسەڵاتی ئەنقەرەوە بەدی ناکرێت.