گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەرۆکی باخەوانانی شنۆ دەگرێتەوە
هەموو ساڵێ لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزدا هەرەوەزی رنینەوەی سێو لە باخەکانی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکات. بەڵام بەهۆی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران، رەنگە ئەمساڵ سێوی شنۆ نەتوانرێت هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکرێت و نە ناچاری لە ساردخانەکاندا لە چاوەڕوانیدا بهێڵدرێنەوە
ئەم هەرەوەزییە لانیکەم هەلی کاری راستەوخۆ بۆ چوار هەزار کرێکاری ناوخۆی شارەکە و شارەکانی دیکەی ناوچەی موکریان دەرەخسێنیت، رۆژانە بۆ رنینەوەی سێو روو لە باخەکانی شنۆ دەکەن و نزیک دوو مانگ دەخایەنێت. بەڵام کارێکارەکان گلەیی دەکەن و بەهۆی بەرزی نرخ و کەمی کرێی کاری رۆژانەیان، ئەوەی دەستیان دەکەوێت بەشی بژێویان ناکات.
مراد قادریان یەکێکە لە کرێکارەکانی رنینی سێو دەڵێت: لەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار تومەن رێککەوتووین، لەو پارەیە 500 هەزاری بۆ سەرکارگەر و ئوتۆمبیلە، دوو ملیۆن تومەنەکەش بۆ کرێکارە، ئەگەر بە خەرجی رۆژانە بەراوردی بکەی، دەستهەقەکە زۆر کەمە، چونکە تێچووی بژێوی هێندە زۆرە و ئەگەر ناچاری نەبێت، هەموو کەسێک ئەم کارە ناکات.
کۆی باخەکانی سێوی شنۆ 11 هەزار هێکتار دەبێت و بە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی شارەکەش رایگەیاندووە، لە باری کەشوهەوا و باش پێڕاگەیشتنی باخەوانان بە باخەکانیان، وایکردووە بەرهەمی ئەمساڵیان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی 20% زیاتر بێت و کۆی بەرهەمەکانیان بگاتە زیاتر لە 200 هەزار تۆن سێو.
بە گوتەی خاوەن باخەکان، ئەمساڵ بەری باخەکانیان بە بڕشتە و بەرهەمەکەشیان لە ساڵانی رابردووش جوانترە، بەڵام خەرجی و تێچووی بەرهەمهێنان لەلایەک و نەبوونی کڕیارە لەلاکەی دیکە، پەرێشانی کردوون و قازانجێکی ئەوتۆیان نییە.
ئەنوەر ماجیدی یەکێکە لە خاوەن باخەکانی سێوی شنۆ دەڵێت: ئەمساڵ کڕیار زۆر کەمبووەتەوە و بازاڕیش زۆر سست بووە، بازرگانەکان وەک ساڵانی رابردوو ناتوانن بەرهەمی سێو هەناردە بکەن، بازرگانە ناوخۆییەکانیش بەهۆی خراپی باری دارایی هاووڵاتییانەوە وەک پێویست سێو ناکڕن و بۆیان ساخ نابێتەوە.
گوتیشی: ئەگەر سێوەکە بڕنین و لە ساردخانەی هەڵبگرین، دەبێت کرێی لانیکە سێ بۆ چوار مانگ بدەین، کاتێک بەرهەمەکە ساخ دەبێتەوە، کە قازانج و داهاتێکی ئەوتۆی بۆ خاوەن باخ نامێنێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شنۆ، ئەمساڵ بەهۆی زۆری بەرهەم و کەمی خواستەوە نرخی بە کۆ فرۆشتنەوەی سێو لە عەلوەکاندا بە رێژەی 8% دابەزیوە.
خاوەن باخێکی دیکە بەناوی رەحمان رەشادەت دەڵێت: داهاتێکی ئەوتۆمان نابێت، چونکە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان زۆر بەرزن، لەنێویاندا نرخی دەرمان بەرزە و بڕێکی زۆری بەرهەمەکە هەڵوەرێتە ژێر دارەکان. هەرچەندە ئەمساڵ بەرهەمەکە زیادە، بەڵام وەک پارساڵ نییە، چونکە ساڵی رابردوو قازانج و داهاتی باشتربوو.
شاری شنۆ نزیک 50 ساردخانەی هەیە، کە زیاتر لە 120 هەزار تۆن لە سێوی ئەم شارە وەردەگرن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان و بەهاردا بە نرخێکی باشتر رەوانەی بازاڕ بکرێت. 40 هەزار تۆن لەم سێوەش بە ناچار بە نرخێکی هەرزان دەخرێتە ناو بازاڕەوە.
زۆرینەی باخەکانی شنۆ تایبەتن بەرهەمهێنانی سێوەکانی رەنگ سوور، زەرد و سێوی خوێناوی، لە حەفتەی رابردوودا باخدارانی پارێزگای ورمێ داوایان لە حکوومەت کرد، مادام لە ناوخۆی ئێراندا کڕیاریان نییە، بوار بۆ هەناردە کردنی سێوی ئەم پارێزگایە خۆش بکات.

سێوی شنۆ لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە یەکێک لە نایابترین و بە تامترین سێوی ئۆرگانیک هەژمار بکرێت، بەهۆی ئەوەی رەنگ و چێژێکی تایبەت و سروشتی هەیە و لە ئاستی هەناردەی جیهانیشدا ناوبانگێکی تایبەتی هەیە، تاوەکوو ساڵی رابردوو بەشێکی زۆر بەرهەمی سێوی شنۆ، جیا لە تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەناردە وڵاتانی کەنداویش دەکرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، رەنگە بەرهەمەکە ماوەیەکی زیاتر لە ساردخانەکاندا بمێننەوە و چیتر هەلی پەڕاندنەوە و گەیشتنی بۆ عەلوەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ نەڕەخسێت.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بازرگانییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵی رابردوو عێراق سەرەکیترین کڕیاری سێوی ئێران بووە و بڕی 147 هەزار تۆن سێوی بە بەهای 56 ملیۆن دۆلار لە ئێران کڕیوە. هەروەها ئیمارات بە کڕینی 10 هەزار تۆن سێوە بە بەهای 8,36 ملیۆن دۆلار سێوی لە ئێران هاوردە کردووە.
دواتر سووریە 2474 تۆن، عومان 1691 تۆن، قەتەر 414 تۆن و لیبیا 297 تۆن سێویان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
