کەرتی وزەی سووریا لە 10 رۆژدا سێجار رووبەڕووی هێرش بووەتەوە

 کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، هێڵێکی نەوت لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە رووبەرووی پەلامارێکی تێکدەرانە بووەتەوە و زیانی پێگەیشتووە، ئەمەش سێیەمین رووداوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی نزیکەی 10 رۆژدا تۆمار دەکرێت.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای نەوتی سووریا، لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، کاتژمێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێڵێکی گواستنەوەی نەوت لە نزیک ناوچەی تەل حەمیس لە سنووری پارێزگای حەسەکە کراوەتە ئامانجی کاری تێکدەرانە و زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد تیمەکانی چاککردن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە بەشە زیانلێکەوتووەکە داببڕن و دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای نەوتی سووریا، لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان توانیویانە ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن و رەوانەی دادگایان بکەن.

کۆمپانیاکە ئەم رووداوەی وەک بەشێک لە زنجیرە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێڵ و دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتەکەدا وەسفکرد و جەختیکردەوە، ئەم پەلامارانە تەنیا زیان بە کۆمپانیای نەوت ناگەیەنن، بەڵکو راستەوخۆ دەستدرێژین بۆ سەر ژێرخانی بنەڕەتی و کەرتی وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

 پێشتریش لە 29ـی ئەیلوولدا، بەهۆی تەقینەوەیەکی هاوشێوە کە هێڵێکی گازی لە رۆژهەڵاتی سووریا کردبووە ئامانج، گەیاندنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پچڕا و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری بێ کارەبا بوون.