فەرەنسا باڵیۆزی ئێران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە وەڵامی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاریس بانگهێشتکرد.

پاسکال کۆنفارڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند، ئەم بانگهێشتەی باڵیۆزی ئێران بۆ لێپرسینەوە بووە لە بارەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستی ئێران سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی قوتابیان و خوێندکارانی فەرەنسا بووە.

بە گوتەی کۆنفارڤرۆ، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری داوەتە باڵیۆزی ئێران کە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ساختە لەسەر هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە شێوەی ئۆنلاین بە هیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت.

هەروەها رایگەیاند، بانگهێشتکردنی باڵیۆزی فەرەنسا لە تاران کارێکی بێمانا و گێچەڵپێکردن بووە و ئەمەشیان هەر قبووڵ نەکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سێشەممە 6ـی ئەم مانگە، باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران بانگهێشتکرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مامەڵەی توندوتیژانەی پۆلیسی فەرەنسا بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.