ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا دەداتەوە، هاوکات گەیشتنی وڵاتەکەی بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان سەبارەت بە رێڕەوە ئارامەکان لە گەرووی هورمزدا پشتڕاست کردەوە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) لەسەر زاری ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، راوێژ و گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون و لەسەر دیاریکردنی خاڵ و نەخشەی رێڕەوە ئارامەکان لە گەرووی هورمز رێککەوتووین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەی چۆنییەتیی خستنەڕووی رێککەوتنەکە لەبەردەم دەستە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و جەختی کردەوە، بەم زووانە رێککەوتنی تایبەت بە رێڕەوەکانی گەرووی هورمز پێشکەش بە دەستەی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار دەکرێت.