پاسێکی سوپای ئێران درایە بەر دەستڕێژی گوللـە

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر پاسێکی هێزەکانی سوپای ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، سەربازێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکەی 88ـی زرێپۆشی سوپای ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر پاسێکی هێزەکانی سوپا لەسەر رێگەی نیکشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، سەربازێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، پاسەکە کارمەندانی سوپای لە کەناراوەکانی موکرانەوە بە ئامانجی گۆڕینی ئەرکەکانیان دەگواستەوە و کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللە. لەو هێرشەدا سەربازێک بە ناوی محەممەدرەزا ئۆکاتی گیانی لەدەست داوە و بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان یەکێکە لە ناوچە ناسەقامگیرەکانی ئێران و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەم پارێزگایە بەردەوام گۆڕەپانی پێکدادانی چەکداریی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە بەلوچەکان بووە. دیارترین ئەو گرووپانە "جەیشولعەدل"ـە، خۆیان وەک بەرگریکار لە مافەکانی کەمینەی سوننە و گەلی بەلوچ دەناسێنن، بەڵام حکوومەتی تاران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنیان دەکات.

 هێرشەکانی پێشووی ئەم گرووپانە زیاتر بنکەکانی پۆلیس و پاسەوانانی سنوور و هێزەکانی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج. شارۆچکەی نیکشەهر و دەوروبەری، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و شاخاوییەکەیەوە، زۆرجار وەک پەناگەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناکاوی چەکداری بەکاردەهێنرێت و ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیانێکی زۆریان لەو ناوچەیەدا بەرکەوێت.