پاشماوەی مووشەکێکی حووسییەکان لە ریاز زیانی لێکەوتەوە
بەرگریی شارستانیی سعوودیە رایگەیاند، پاشماوەی مووشەکێکی بالیستی لە لایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوو، بووەتە هۆی زیانی ماددی لە باخچەیەکی ساوایان و چەند کلینیکێکی پزیشکی لە پایتەخت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکرێت.
پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرگریی شارستانیی سعوودیە رایگەیاند، بەهۆی پاشماوەی مووشەکێکی بالیستی حووسییەکان ئاراستەی ریازی پایتەخت کرابوو، زیانی ماددی بە چەند شوێنێکی هاووڵاتییان کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی رانەگەیەندراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی بڵاوکراوەیەکی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن کە سعوودیە سەرکردایەتی دەکات، هەمان رۆژ رایگەیاندبوو، سێ مووشەکی بالیستیی ئاراستەکراویان بۆ خاکی سعوودیە لە ئاسماندا تێکشکاندووە.
تورکی مالکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: "هێزەکانی هاوپەیمانان مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی خەمیس موشەیت کرابوو تێکشکاندووە، هاوکات دوو مووشەکی بالیستیی دیکەشیان ئاراستەی ریاز کرابوون، تێکشکاندوون."
ئەم رووداوانە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی دوێنێ چوارشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالیدی لە ریاز کردە ئامانج. بەپێی گوتەی بەرپرسانی سعوودیە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک لە ناو کێڵگەی فڕۆکەخانەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید داوای لە گەشتیاران کرد، بەر لەوەی بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێبکەون، دڵنیایی لە باری گەشتەکانیان لەو کۆمپانیایانە وەربگرنەوە کە کاری گواستنەوەی ئاسمانی دەکەن. ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە حوسییەکان جارێکی دیکە هەڕەشەی کردنی فڕۆکەخانەکەیان کردووەتەوە.
فڕۆکەخانەکە لە هەژماری خۆی لە سەکۆی ئێکس نووسیویەتی،: "گەشتیاران ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانییەوە بکەن و بەر لە چوون بۆ فڕۆکەخانە، دڵنیایی لە باری گەشتەکەیان وەربگرنەوە."
بەشێک لە گەشتیاران باسیان لە هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی گەشتەکانیان کردووە، بەبێ ئەوەی فڕۆکەخانەکە ئاماژە بە ژمارەی ئەو گەشتانە بکات کە کاریگەرییان لەسەر دروست بووە.