روبیۆ: جەخت لە بەهێزکردنی تواناکانی ناتۆ دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، پێویستە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی ( ناتۆ ) لەوپەڕی بەهێزیدا بێت، گوتیشی، واشنتن بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ئەو هاوپەیمانییە.
پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ،وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ باوڵۆ رانجێل، وەزیری دەرەوەی پورتوگال رایگەیاند، "واشنتن پابەندە بە بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی توانای ناتۆ". ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ئەمریکا پاڵپشتی لە زیادکردنی بەشداریی هاوپەیمانەکان لە تواناکانی بەرگریدا دەکات.
روبیۆ ئاشکرایکرد، ئەمریکا لەگەڵ پورتوگال کار دەکات بۆ بەهێزکردنی هاریکاریی بەرگریی نێوان هەردوو وڵات، پەیوەندییەکانیان هاریکاریی سەربازی و ئەمنیی درێژخایەن لەخۆ دەگرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە بنبەست. روبیۆ دووپاتیدەکاتەوە، هەر چارەسەرێک بۆ ئەم جەنگە دەبێت هەمیشەیی، بەردەوام و دادپەروەرانە بێت.
روبیۆ روونیکردەوە، هیچ کۆتاییەک بۆ جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لەبەردەست نییە جگە لە رێگەی دانوستاندن. ئەم هەڵوێستە پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوونی واشنتنە بە رێڕەوی دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان، روبیۆ رایگەیاند، قەبارەی سەرمایەگوزاریی ئەمریکی لە پورتوگال نزیکەی 20 ملیار دۆلارە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ فراوانبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات شانبەشانی هاریکارییە بەرگری و ئەمنییەکان.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ لیشبۆنە بوو، وێستگەی کۆتایی گەشتێکی ئەوروپی بوو ئایسلەندا، یۆنان و پورتوگالی لەخۆ گرتبوو. گەشتەکە سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناتۆ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، روبیۆ لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ لویس مۆنتینیگرۆ، سەرۆکوەزیرانی پورتوگال و باوڵۆ رانجێل، وەزیری دەرەوە کۆ دەبێتەوە، پێش ئەوەی کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکە بەڕێوە بچێت.
سەردانەکەی روبیۆ گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە سێبەری هاریکاریی سەربازیی نێوان واشنتن و لیشبۆنە، بەتایبەتی بنکەی ئاسمانیی "لاجیس" لە دوورگەکانی ئازۆری پورتوگالی. هێزەکانی ئەمریکا چەندین دەیەیە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و ئۆپەراسیۆنە رزگارکردنەکانی ئەتڵەسی بەکاری دەهێنن.
حکوومەتی پورتوگال رەزامەندییەکی مەرجداری داوە بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکەکە لە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا. روبیۆ پێش گەیشتنی بۆ لیشبۆنە گوتی، پورتوگال هاوپەیمانێکی مەزنی ئەمریکایە و ئامانجی گەشتەکەشی بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانەیە.
بانگەوازەکەی روبیۆ بۆ بەهێزکردنی توانای ناتۆ لە کاتێکدایە هاوپەیمانییەکە سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر بەرزکردنەوەی خەرجیی بەرگریی وڵاتانی ئەندام. پورتوگال ئێستا زیاتر لە 2%ـی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی خۆی لە بەرگریدا خەرج دەکات. حکوومەتەکەی نیازپاکی خۆی بۆ زیادکردنی خەرجییەکان بۆ نزیکەی 3% راگەیاندووە، وەبەرهێنان لە ژێرخانی خاوەن بەکارهێنانی سەربازی و مەدەنی لەخۆ دەگرێت.
لێدوانەکانی روبیو لە لیشبۆنە لە چوارچێوەی ئاراستەیەکی فراوانتردایە بۆ ئیدارەی ئەمریکا بەمەبەستی پاڵنانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بۆ هەڵگرتنی بارگرانی زیاتری بەرگری، لەگەڵ ئەوەی واشنتن جەخت لەسەر بەردەوامیی پابەندبوونی بە ناتۆ دەکاتەوە. ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەکە مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا خەرجیی بەرگریی خۆیانیان بە کردەیی زیادکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەڵێنە نوێیەکانی هاوپەیمانییەکە سەبارەت بە خەرجیی سەربازی.