بازرگانیی هەرێم: بەهۆی گرانیی دۆلارەوە بەرهەمی ناوخۆ بەکاربهێنن

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەبری کاڵای هاوردەکراو، روو لە کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی، جەختیش دەکاتەوە ئەم هەنگاوە هەم تێچووی سەر شانی هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە و هەم رێگری لە چوونەدەرەوەی دۆلار دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: لە کاتێکدا نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە و کاڵا هاوردەکراوەکان بارگرانی لەسەر گیرفانی هاووڵاتی دروست دەکەن، پێویستە هۆشیاریی بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ بکەین بە کەلتوور، ئیتر ئەو بەرهەمانە سپیایی بن یاخود سەوزە، میوە و خۆراکییەکان، بۆ ئەوەی لانی کەم ئەو پارەیەی لەبەردەستماندایە لەناوخۆدا بەکاریبهێنن و پێویست نەکات دۆلار و پارەی قورس بنێرینە دەرەوە بۆ کڕینی ئەو کەلوپەلانە، چونکە بەهۆی بەرزیی دۆلارەوە لەسەر هاووڵاتییان و بازرگانانیش زۆر گران دەکەوێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی باشترین بژاردەیە، چونکە هەم لەڕووی کوالیتییەوە باشترە، هەم تێچووەکەی کەمترە و هاووڵاتییان لەڕووی نرخەوە راستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن، هاوکات جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆش قازانج دەکەن بەوەی بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچێت و ساخ دەبێتەوە، ئەمەش وایان لێ دەکات بێئومێد نەبن و لە زیانکردن بپارێزرێن.

لەبارەی هەنگاو و هاندانی کەرتی بازرگانیش، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی “ئێمە هانی کۆمپانیا و مارکێتەکانمان داوە بەشێک لە شوێنەکانیان بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسانی دەستیان پێیان بگات و بەکاریان بهێنن، لە رابردووشدا رێزلێنانمان پێشکەش بەو کۆمپانیا و مارکێتانە کردووە کە بەرهەمی ناوخۆییان کڕیوە و ساخیان کردووەتەوە.

نەوزاد شێخ کامیل جەخت لەوە دەکاتەوە “وەک وەزارەتی بازرگانی لەسەر هەڵوێستی خۆمان سوورین و لە خزمەتی جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆداین، لە هەموو روویەکەوە هاوکاریان دەبین و هەر ئاسانکارییەک لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت پێشکەشیان دەکەین، تاوەکو بەرهەمی خۆماڵی جێگەی کاڵا هاوردەکراوە گرانبەهاکان بگرێتەوە.

 
 

بەهۆی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ گۆڕانکاری لە بەهای فەرمیی دینار، لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 22ـەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، لەسەر بنەمای پێشنیازی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی، بڕیاریدا بەهای نوێی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەم شێوەیە دیاری بکات:

نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1,500 دینار.
نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان: 1,510 دینار.
نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە هاووڵاتییان: 1,520 دینار.