پارێزگاری سلێمانی هۆشداریی دەداتە بازرگان و خاوەن کۆگاکان
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: رۆژانە لە رێگەی چەندین لیژنەوە چاودێری دۆخی بازاڕ دەکەن، گەر هەر حاڵەتێکی گرانی و کەموکوڕی لە ناردنی پێداویستی لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆراکەوە بۆ مارکێتەکان بەدی بکرێ، ناچارن توندترین سزای یاسایی سەرپێچیکاران بدەن.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی ئاراستەی سەرجەم بازرگان و خاوەن کۆگاکانی خۆراک و کەلوپەلی رۆژانەی هاووڵاتییان لە ناوەندەی شاری سلێمانی و دەوروبەری کردووە و دەڵێت: سەبارەت بەم دۆخەی ئێستاش بەهۆی بەرزبوونەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی هاتووەتەپێش، هەموو لایەکتان دڵنیادەکەینەوە، پێویستە بەگیانی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن، تا ئەو کاتەی ئاسایی دەبێتەوە.
هەروەها رایگەیاندووە، رۆژانە لە رێگەی چەندین لیژنەوە چاودێریی بازاڕ و ژیانی هاووڵاتییان دەکەن، جەختدەکاتەوە، هەر حاڵەتێکی زیادکردنی نرخی کاڵا و ناردنی پێداویستییەکان بە بڕی کەم لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆراک بۆ مارکێتەکان بەدی بکەن، ناچارن توندترین سزای یاسایی کەمتەرخەم و سەرپێچیکاران بدەن و لەدەزگاکانی راگەیاندنیشدا ناویان بڵاودەکەینەوە.
هاوکات داوایکردووە، هاووڵاتییان کردووە، هەر کەسێک سکاڵای هەیە، ژمارەی لیژنەکانی قایمقامییەتی ناوەندیی سلێمانی کراوەیە و دەتوانن ئاگاداریانکردەوە.
بەهۆی بە فەرمی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەلایەن بانکیی ناوەندییەوە، دوو رۆژە دۆخی بازاڕ لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان شڵەژاوە، ئەمەش دوای ئەوەی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.
سەرچاوەی بڕیار بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بۆ 22ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەگەرێتەوە، کە تیایدا بڕیاری گۆڕانکاریی لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی درا، بڕیارەکە بەم شێوەیەیە:
یەکەم: نرخی کڕینی 1 دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم: نرخی فرۆشتنی 1 دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم: نرخی فرۆشتنی 1 دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.