محەمەد ئیسلامی: بە هیچ شێوەیەک لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناوەستین

 سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێکی سەرەکی و جیانەکراوەیە لە پیشەسازیی ئەتۆمی و جەختیکردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی هیچ لادانێکی نایاسایی تێدا نییە و تاران مافی خۆیەتی بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، سەبارەت بە دووبارە باسکردنەوەی پرسی پیتاندن لە دانوستانەکاندا روونیکردەوە، جارێکی دیکە ئەمریکا و ئیسرائیل پرسی پیتاندنیان هێناوەتە کایەوە و دەڵێن دەبێت بخرێتە کارنامەی دانوستانەکان، لە کاتێکدا پیتاندن بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەی ئەتۆمی. ناکرێت خاڵی دەستپێکی پرۆسەیەکت نەبێت و بانگەشەی هەبوونی پیشەسازیی ئەتۆمی بکەیت، لە کاتێکدا ئەم پیشەسازییە بزوێنەری زانست و تەکنەلۆژیایە.

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، تەنانەت ئەمریکییەکانیش لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی گەشەپێدان و ئاسایشی نیشتمانییاندا تەکنەلۆژیای ئەتۆمییان خستووەتە پێشینەی کارەکانیان، هەربۆیە ئەو قسانەی دژ بە ئێران دەکرێن فریودان و درۆیە و دووپاتیکردەوە، گەلی ئێران خاوەن توانایەکی بەرزە و سازش لەسەر مافی دەستگەیشتن بە زانست ناکات.

لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکاش دژ بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، محەمەد ئیسلامی باسی لەوە کرد ئەو هەڕەشانە نوێ نین و ساڵانێکە بوونیان هەیە. جەختیشیکردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە تەواوی بەپێی رێکارەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و رێککەوتننامەی پادمان بەڕێوەدەچێت و هیچ لادانێکی نایاسایی تێدا نییە.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، ئەو هەڵا و دەنگۆیانەی لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروست دەکرێن، دەری دەخەن کە نەیارەکانیان گەیشتوونەتە بنبەست و هیچ قسەیەکی دیکەیان بۆ گوتنپێ نەماوە.