هاووڵاتیانی باکووری کوردستان داوای چەسپاندنی زمان و ناسنامەی کوردی لە دەستووری تورکیا دەکەن

سەرەڕای دەرکردنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بۆ زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە و سوودمەندبوونی بەشێک لە زیندانییان، بەڵام بەهۆی پەسەندنەکردنی چەکدانانی پەکەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە، یاساکە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەردا دەم پارتی هۆشداری دەدات لەوەی دەوڵەت هێشتا بە دیدی ئەمنی لە پرسی کورد دەڕوانێت و پێویستە بەر لە هاتنی زستان هەنگاوی کردەیی بنرێت.

لە مانگی ئابی رابردوودا پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پەسەند کرد، کە بەپێی یاساکە رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ناوخۆی تورکیا خۆش دەکرێت و بەشێک لە گیراوانیش لێی سوودمەند دەبن، بەڵام یاساکە بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە چەکدانانی پەکەکە پەسەند نەکراوە، هێشتا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی نەهاویشتنی هەنگاوی کردەییەوە پڕۆسەکە چەقی بەستووە، سیاسەتمەدارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) جەخت دەکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هێشتا بە سیاسەت و ڕوانگەی ئەمنییەوە لە پرسی کورد دەڕوانن و داوا دەکەن بەر لە هاتنی وەرزی زستان هەنگاوی بەرچاو بنرێت.

لەم بارەیەوە، سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان رایگەیاند: دەوڵەت هێشتا بە چاوی تیرۆر سەیری پرسی کورد دەکات، هەتاکو ناسنامەی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا دانپێدانانی بۆ نەکرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.

هاوکات لە شەقامی باکووری کوردستانیش، هاووڵاتییان داوا دەکەن بە زووترین کات یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دان بە مافە رەواکانی کورددا بنرێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن دواکەوتنی هەنگاوەکان وا دەکات رۆژ بە رۆژ هیوای خەڵک بە پڕۆسەکە کاڵ ببێتەوە.

نیعمەت بۆتانی، هاووڵاتییەکی باکووری کوردستانە و دەڵێت: پێویستە پڕۆسەکە دوانەکەوێت و بە گەرمی چارەسەر بکرێت، کورد و گەنجانی کورد ئێستا هۆشیار بوونەتەوە و دەمانەوێت بەبێ کوشتن و شەڕ ئەم پرسە چارەسەر بێت.

هەروەها بۆزان جگەرخوێن، هاووڵاتییەکی دیکەیە و پێیوایە کلیلی چارەسەر لای ئازادکردنی سەرکردە سیاسییەکانە و دەڵێت: هەتا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، چارەسەری زۆر ئەستەمە.

حاجی قەرەژداخی، یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانە و تیشک دەخاتە سەر گرنگیی زمانی دایک و دەڵێت، با کۆتایی بە کوشتن بهێنرێت و ئاشتی بەدی بێت، تاستە ئێمە مسوڵمانین و براین، بەڵام دەبێت دان بە زمانی ئێمەشدا بنرێت، من تورکی نازانم، سبەی بچمە دادگە تەنانەت ئەگەر لەسەر حەقیش بم، هەر بە تاوانبارم دەردەکەن.

دۆخی پڕۆسەکە لە نێوان چەند گرێکوێرەیەکدایە؛ لە لایەکەوە دەوڵەت و دەسەڵات داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکەن، لە لایەکی دیکەش پەکەکە داوای هەنگاوی کردەیی پێشوەختە دەکات و سیاسەتمەدارانی کوردیش جەخت لە داننان بە مافە رەواکانی گەلی کورد دەکەنەوە، بەمەش ئاسۆی کردنەوەی دەرگای چارەسەری هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.