شێروان دووبەردانی: دووشەممە دەنگ بە تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی دەدرێت

 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد،، دووشەممەی داهاتوو لە دانیشتنی پەرلەماندا، دەنگ لەسەر پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەدرێت.

پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026،  شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24  روونیکردەوە، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لە نێوان هێز و فراکسیۆنە سیاسییە سەرەکییەکاندا، لێکتێگەیشتن دروست بووە بۆ ئەوەی دووشەممە متمانە بە کاندیدانی ئەو وەزارەتانە ببەخشرێت کە تا ئێستا لە کابینەکەی زەیدیدا یەکلایی نەکرابوونەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و رێگریکردن لە پەکیەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختیکردەوە، تەواوکردنی کابینەکە لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە، چونکە وڵات بە دۆخێکی هەستیاری ئابووری و داراییدا تێدەپەڕێت و دەبێت حکوومەت بە تەواوی پێکهاتەکەیەوە دەستبەکار بێت تا بتوانێت رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببێتەوە.

تەواوکردنی تەواوی پۆستەکانی کابینەی زەیدی وەک پێویستییەکی بەپەلە دەبینرێت بۆ ئەوەی حکوومەت لە رووی کارگێڕییەوە بەهێز بێت و بتوانێت کۆنترۆڵی قەیرانی دارایی و بەڕێوەبردنی بودجە بکات.

لە کابینەکەی عەلی زەیدی لە 14ـی ئایاری ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر 14 کاندیدی کابینەکەی عەلی زەیدی دا و 9 وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە، بەجۆرێک کاندیدی چوار وەزارەت لە پرۆسەی دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان پێ نەدرا، پێنج کاندیدی دیکەی پۆستە وەزارییەکانیش نەخرانە دەنگدانەوە.