نیویۆرک تایمز: پێنتاگۆن خۆی بۆ گورزوەشاندن لە ئێران ئامادە دەکات
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، سوپای ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ سەرجەم بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران تەواو کردووە، هاوکات بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و هێزێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بکرێن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی شانبەشانی هێزێکی گەورەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن، لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا ئامادەکاریی چڕ بۆ دەستنیشانکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پێنج بژاردەی سەربازیی جیاوازی بۆ هێرشکردنێکی بەرفراوان لە دژی ئێران خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا پلانەکانی پەسەند نەکردووە.
رۆژنامەکە لەبارەی سروشتی ئامانجەکانەوە ئاشکرای کردووە، ئامانجی سەرەکیی هێرشە چاوەڕوانکراوەکان بۆردومانکردنی جبەخانە و کۆگاکانی درۆن و مووشەکی بالیستیکی ئێران دەبێت، هاوکات لە ئەگەری فراوانبوونی هێرشەکاندا، پێکانی ژێرخانی کەرتی وزە و بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانیش بەدوور نازانرێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزـدا هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکایە تا دوای ئەوان بڕیاری کۆتایی بدات. سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسانی باڵا دووپاتیان کردووەتەوە کە سوپای ئەمریکا تەواوی رێکارەکانی تەواو کردووە تا لە ئەگەری گۆڕینی بڕیارەکەی ترەمپدا، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی تاران دەستپێبکات.