پاکستان جێگیرکردنی هێزەکانی و ئەرکەکانیان لە سعوودیە پشتڕاست دەکاتەوە
حکوومەتی پاکستان وەکو یەکێک لە ئەندامی رێککەوتننامەی مەکە بۆ پاراستن و ئاسیشی ناوچەکە، ژمارەیەک سەرباز و کەلوپەلی سەربازی رەوانەی سعوودیە دەکات و رایگەیاند، ئەرکی سەرەکی هێزەکانیان پاراستنی سەروەری خاکی سعوودیەیە نەک هێرشکردنە سەر حووسییەکان.
هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەجاد حەیدەر خان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئێمە بە کردەیی ژمارەیەکی زۆر لە هێز و پێداویستییە سەربازییەکانمان لە پاکستانەوە رەوانە کردووە و ئێستا لە شاری ریاز جێگیر کراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە سروشتی ئەرکی ئەو هێزانە روونیکردەوە، سەربازانی پاکستانی ناپەڕنەوە بۆ ئەودیوی سنوور تا هێرش بکەنە سەر حووسییەکان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە بەرگریکردن لە سەروەری و خاکی شانشینی سعوودیە.
پاکستان پێشتر رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و سعوودیە واژۆکردووە، پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی لە نێو خاکی شانشینی عەرەبیی سعوودیەدا بڵاوکراونەتەوە، ئەوەش لە سایەی پەرەسەندنی ململانێ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن.