سێ وەزارەتی دیکە بۆ کابینەکەی زەیدی زیاد دەکرێن
لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەی حکوومەت لە رۆژی دووشەممەدا ئامادە دەکات، بڕیار دراوە سێ وەزارەتی نوێ بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی زیاد بکرێن، هاوکات ناوی زۆربەی کاندیدانی لایەنە سەرەکییەکانی شیعە، سوننە، کورد و پێکهاتەکانی دیکە یەکلا کراونەتەوە.
پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی (سی ڤی)ـی کاندیدانی نۆ وەزارەتە، هاوکات بڕیار دراوە حکوومەتی عێراق سێ وەزارەتی دیکە بۆ پێکهاتەی کابینەکەی عەلی زەیدی زیاد بکات کە بریتین لە وەزارەتەکانی: گەشتوگوزار، ژیریی دەستکرد و کاروباری دەوڵەت؛ لە کاتێکدا دانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، تاوەکو سبەی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
موشریق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان یەکلا بووەتەوە و تا ئێستا بەمجۆرەن:
-یاسر مالیکی لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ.
-حەیدەر بەها لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا.
-محەمەد مووسەوی لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، بۆ پۆستی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
-سەفا کینانی لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بۆ پۆستی وەزیری لاوان و وەرزش.
-محەمەد ساحب دەڕاجی لە هاوپەیمانیی خەدەمات، بۆ پۆستی وەزیری ژیریی دەستکرد.
-عەلی دەخیلی لە فراکسیۆنی مونتەسیڕوون، بۆ پۆستی وەزیری گەشتوگوزار.
-هەر یەک لە لەیس خەزعەلی و موحسین مەندەلاویش کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران.
سەبارەت بە پشکی پێکهاتەی سوننە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کاندیدەکانی ئەوانیش یەکلا کراونەتەوە بەم شێوەیە:
-محەمەد تەمیم لەحزبی تەقەدووم، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران.
-عەلی ئەعرەجی لە هاوپەیمانیی حەسم، بۆ پۆستی وەزیری بەرگری.
-عەلی نوعەیمی لە هاوپەیمانیی عەزم، بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان.
-زەید عەلی لە هاوپەیمانیی عەزم، بۆ پۆستی وەزیری رۆشنبیری.
دوێنێ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدەکەی یەکلا کردووەتەوە؛ بە جۆرێک بەنگین رێکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و رێباز حەملان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کاندید کراون.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەرەی تورکمانیی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: پشکی پێکهاتەی تورکمان بریتی دەبێت لە وەزارەتی کاروباری دەوڵەت و کاندیدەکەشی محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری کەرکووکە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ پێکهاتەی کریستیان و فراکسیۆنی سۆیانا بێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی بەشێک لە لایەنەکان، پێدەچێت کاندیدێکی سازان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە؛ سی ڤی هەموو کاندیدەکان بۆ پەرلەمان دەنێردرێت و بڕیارە رۆژی دووشەممەش دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کاندیدەکان بکرێت.