دابەزینی بەهای دینار نرخی مریشکی بەرز کردووەتەوە

مریشکی کێڵگە
مریشکی کێڵگە

سەرەڕای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لابردنی باج لەسەر مریشک و هێلکە بە ئامانجی دابەزاندنی نرخەکان، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخی مریشک بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیبراهیم ئیسماعیل، مریشکفرۆش لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، نرخی مریشک چەند رۆژێکە رووی لە بەرزبوونەوەیە و لەچاو دوێنێ 100 دینار و بەراورد بە هەفتەی رابردووش، زیاتر لە 500 دینار بەرزبووەتەوە، ئێستا کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2800 دینار دەفرۆشن.

پێشتر نرخی مریشک بۆ 2000 تاوەکو 2250 دینار دابەزیبوو، لە کێڵگەکانیشدا بە کۆ لە خوار 2000 دینارەوە دەفرۆشرا.

چەند رۆژێکە دوو هۆکار کاریگەرییان خستووەتە سەر بازاڕی مریشک و کاریگەرییەکانیش پێچەوانەی یەکدین. هۆکاری یەکەم بریتییە لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار، ئەمەش نرخی بەشێک لە پێداویستییەکانی بازاڕی بەرزکردووەتەوە. خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانیش بەهۆی هاوردەکردنی ئالیک و بەشێک لە پێداویستییەکانیان لە دەرەوە، نرخیان کەمێک بەرزکردووەتەوە.

لە بەرانبەردا هۆکارێکی دیکە هەیە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی مریشک، ئەویش بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ لابردنی باج لەسەر مریشک و هێلکە. 

رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە دواخستن و لابردنی وەرگرتنی باج و کرێی گومرگی لەسەر هێلکە، مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو. ئامانجی حکوومەتی عێراق لەم هەنگاوە، رێگریکردن بوو لە گرانبوونی خۆراک و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕە ناوخۆییەکان، بەتایبەتی دوای بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و دابەزینی بەهای دینار.

دوای دەرچوونی بڕیارەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەکی توندی بەرانبەر ئەو هەنگاوەی بەغدا دەربڕی. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ، لە دوو نامەی فەرمیدا بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری کشتوکاڵی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی خۆژێنی.

 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان سەرووی 450 هەزار تۆن مریشکی گۆشت بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ تەنیا 150 هەزار تۆنە. هەروەها ساڵانە 4.8 ملیار هێلکە بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ تەنیا 1.8 ملیار هێلکەیە.

وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریی دا لەوەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بازاڕی ناوخۆ دەخنکێنێت و دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە. لەبری ئەوە داوای کرد حکوومەت هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و کێڵگە پەلەوەرییەکان بکات و رێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بگاتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.