ئاسایشی عێراق دوو بەرپرسی پێشووی رفێندراو رزگار دەکات

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی خێرادا لە بەغدا، توانیویانە دوو بەرپرسی پێشووی حکومەت دوای 48 کاتژمێر لە رفاندنیان بە سەلامەتی ئازاد بکەن. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گرووپێکی هەشت کەسیی چەکدار دەستگیر کران و دەست بەسەر عەمبارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنیدا گیرا کە لە نێو شوێنێکی پەرستشدا حەشار درابوو.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدەستهێنانی رەزامەندیی دادوەر، کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەشەو تیمی تاکتیکی دەستی بە هەڵمەتێکی مەیدانی کرد بۆ سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو لە بەغدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان لە چەند هەڵکوتانەسەرێکی هاوکاتدا توانییان بچنە شوێنی دەستبەسەرکردنی رفێندراوەکان و هەردوو بەرپرسە پێشووەکەی حکوومەت رزگار بکەن. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکان کە پێشینەی تاوانیان هەیە، ئۆتۆمبێلی تابلۆ ساختەیان بۆ پرۆسەی رفاندنەکە بەکارهێناوە و لە ماوەی 48 کاتژمێردا بارمتەکانیان بە بەردەوامی لە نێوان چەندین شوێندا گواستووەتەوە تا شوێنپێیان ون بکەن.

دەزگای ئاسایشی عێراق راشیگەیاندووە، هێزەکانیان ژوورێکی نهێنییان لە نێو یەکێک لە شوێنەکانی پەرستشدا ئاشکرا کرد کە لەلایەن ئەم گرووپە لەیاسادەرچووەوە وەک کۆگای چەک بەکارهێنرابوو؛ لە کۆگاکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەکی قورس و مامناوەند، مووشەکهاوێژ، بۆمبی چێندراو، نارنجۆک، چەکی قەناس، و 225 کیلۆگرام لە ماددەی تەقینەوەی بەهێزدا گیراوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە، تەواوی تۆمەتبارەکان رادەستی یاسا کراون، و ئەم ئۆپەراسیۆنەش بەڵگەی ئامادەیی بەردەوامی هێزەکانیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بکاتە ئامانج.