تەقینەوەیەکی بەهێز فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریازی هەژاند
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە، بەهۆی تەقینەوە و هێرشێکی مووشەکییەوە رووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی بووەوە. بەپێی سەرچاوە پزیشکی و دیپلۆماسییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دەیان کەس بریندار بوون، تێرمیناڵێکی گەشتیاران چۆڵکرا و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان پەککەوتن، هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی هۆشداریی بەپەلەیان دایە هاووڵاتییانیان.
شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە لە راگەیەندراوەکیدا ئاماژەی دا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە تەواوی گەشت و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراون.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە رایگەیاند، پەلاماردانی فڕۆکەخانەی پایتەخت لە چوارچێوەی "بەردەوامیی دەستدرێژییە ئاشکراکانە کە دامەزراوەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە شانشینی سعوودیە دەکەنە ئامانج".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و ئێستا کار لەسەر دەستنیشانکردنی ناسنامە و سەرژمێریکردنی کۆی ژمارەی بریندارەکان دەکرێت.
دەستەی فڕۆکەوانیی سعوودیە روونی کردووەتەوە کە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان و چالاکییە کارپێکردنەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراون، تا ئەو کاتەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پشکنینی تەواو بۆ زیانەکان دەکرێت و لە سەلامەتیی هۆڵ و بەشە جیاوازەکانی فڕۆکەخانەکە دڵنیا دەبنەوە.
هەروەها شایەتحاڵان و سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو تێرمیناڵی ژمارە (3)ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز بیستراوە. بەپێی گێڕانەوەی گەشتیاران، تەقینەوەکە لە نزیک یەکێک لە دەروازەکانی گەشتکردن روویداوە و بەهۆی شکانی شووشە و کەوتنەخوارەوەی پارچەکان، پشێوییەکی گەورە دروست بووە و خەڵکێکی زۆر کەوتوونەتە سەر زەوی.
سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە نەخۆشخانەکانی ڕیاز دۆخی نائاسایی راگەیەندراوە و داوا لە پزیشکانی فریاکەوتن کراوە بەپەلە ئامادە بن. بە گوتەی سەرچاوەکە، دەیان بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان کە برینی بەشێکیان سەختە و لانیکەم پێنج کەسیان لەژێر چاودێریی چڕدان، هاوکات بینراوە زیاتر لە 12 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەرەو فڕۆکەخانەکە بەڕێکەوتوون.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سعوودیە لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، داوای لە هاووڵاتییانی کرد بە تەواوی لە فڕۆکەخانەی ریاز و دەوروبەری دووربکەونەوە. هاوکات باڵیۆزخانەکانی ئیسپانیا، کەنەدا و ئەڵمانیا هۆشداریی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە.
باڵیۆزخانەی ئیسپانیا راستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەخانەکە بەر "هێرشێکی نوێی چەکدارانی حووسیی سەر بە ئێران" کەوتووە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیش بە فرانس پرێسی گوتووە، فڕۆکەخانەکە بە مووشەک کراوەتە ئامانج. سەرەڕای ئەم زانیارییانە.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "فڕایت رادار 24"، جووڵەی فڕین لە ئاسمانی ریاز بە تەواوی شێواوە؛ سەرجەم گەشتە هاتوو و رۆیشتووەکان هەڵوەشێنراونەتەوە یان ئاراستەکەیان گۆڕدراوە. هێڵە ئاسمانییەکانی وەک "کوەیت ئەیروەیز"، "قەتەر ئەیروەیز" و "ئیتیحاد" ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ پایتەختی سعوودیە ڕاگەیاند.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش فڕۆکەخانەی ریاز رووبەڕووی هێرشێکی کوشندەی حووسییەکان بووەوە کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس، لەوانە فڕۆکەوانێکی هێڵی ئاسمانیی سعوودیە.
ئەم زنجیرە هێرشانە دوای ئەوە دێن کە حووسییەکان ئاسمانی سعوودیەیان بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناساند و هۆشدارییان دایە هێڵە ئاسمانییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب دەستپێکرد.