نەجمەدین غوڵامی کۆنسێرتێک لە سلێمانی ساز دەکات

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، کۆنسێرتێکی هونەری لە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی ساز دەکات، کە تێیدا کۆمەڵێک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانی پێشکەشی جەماوەر دەکات. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "بەردەوامی لە هونەر و هاوبەشیکردنی خەم و خۆشییەکانی گەلەکەم، نهێنی مانەوەمە لە دڵی خەڵکدا."

دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "من لە سەرەتای رێچکەی هونەریمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلەکەم دا ژیاوم و بەشدار بووم. لە هەموو بۆنە و قۆناخێکدا هەمیشە هەوڵم داوە کار و بەرهەمی نوێ پێشکەش بکەم، چونکە بڕوام وایە هونەر واتە بەردەوامی."

غوڵامی سەبارەت بە پەیوەندی قووڵی لەگەڵ جەماوەردا گوتی، "پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ جەماوەر و هاوبەشیکردنی ئازار و خۆشییەکانی گەلەکەم، رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییەدا هەبووە. لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی گەلەکەم دا، هەوڵم داوە رووداوەکان لە رێگەی سروود و گۆرانییەوە بگێڕمەوە و ببمە دەنگی هەست و سۆز و ئازارەکانیان."

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەی، غوڵامی دەڵێت، "کۆنسێرتەکەم تێکەڵەیەک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانم دەگرێتەوە و گۆرانییەکانم وەک هەمیشە پەیامی تایبەتیان بۆ جەماوەر و خۆشەویستانم هەڵگرتووە. بەشێکی گرنگی بەرهەمەکانم هەڵگری هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییە و پەیامم ئاراستەی دۆست و دوژمنانی گەلی کورد کردووە. هەروەها بە گۆرانییەکانم وەفاداریی خۆم بۆ بنەماڵەی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کورد دەردەبڕم."

غوڵامی لە نێوان رەسەنایەتی و نوێبوونەوەی هونەری کوردیدا گوتی، "من پێم وایە گۆڕانکارییەکانی سەردەم کاریگەرییان لەسەر هونەر هەیە و هونەرمەند دەبێت بتوانێت خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی لە رەسەنایەتی و ناسنامەی هونەری خۆی دوور بکەوێتەوە. هونەرمەند بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروست بکات، پێویستە کۆمەڵگە بە وردی بخوێنێتەوە و تێبگات کە گوێگرانی لە چی دەگەڕێن، چونکە تێگەیشتن لە پێویستییەکانی کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی بەرهەمی گونجاو لەگەڵ سەردەم دا، دەتوانێت رێگە بۆ گەیشتن بە جەماوەرێکی فراوانتر خۆش بکات."

 نەجمەدین غوڵامی باسی لەوەش کرد، "من گۆرانییە رەسەنەکان بە بەشێکی گرنگ لە یادەوەریی کۆمەڵگە دەزانم، چونکە ئەم بەرهەمانە رەنگدانەوەی ژیان و هەست و سۆز و زمانحاڵی خەڵکن. بۆیە، تەنانەت بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی سەردەمیش، هەندێک گۆرانی هەر لە دڵی خەڵکدا دەمێننەوە و بۆ نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە."

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستی کردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو جیهانی ھونەرەوە. غوڵامی بەیارمەتی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد "عەباسی کەمەندی"، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و تا ئێستا 23 ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە.