کەنەدا.. هونەرمەندێکی کورد بەشداریی پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری کرد
دارا ئارام، هونەرمەندی شێوەکاریی کورد، لەگەڵ دوو هونەرمەندی دیکە، کاترین کینی و نانسی بینۆی، بەشداریی لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری بە ناونیشانی "ماوەکانی نێوان رەنگەکان" کرد، کە لە گەلەریی ئێرلز کۆرت لە شاری هامیلتۆن لە ویلایەتی ئۆنتاریۆی وڵاتی کەنەدا بەڕێوەچوو.
سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، دارا ئارام، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "هونەرمەندان لە کۆنەوە پەیامەکانی خۆیان بە وێنە و شێوە گواستووەتەوە، نەک بە دەربڕینی لۆژیکی و ریزبەندیی بیرۆکەکان. هونەری منیش بە هەمان شێوە ئەم رێگایە دەگرێتەبەر؛ گەشتێکە بۆ ناو جیهانە خەیاڵییەکانی ناخودئاگا. شێوە ئەبستراکتەکان و بابەتە ئەفسانەییەکان لەسەر تابلۆکانم دەردەکەون و دەبنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ مرۆڤی سەردەمی پیشەسازیی نوێ؛ ئەو مرۆڤەی کە بەپەلە پێویستی بەوەیە پەیوەندیی لەگەڵ گیانی لەدەستچووی خۆی دووبارە بگەڕێنێتەوە."
دارا ئارام سەبارەت بە تابلۆکانی لە پێشانگەکەدا گوتی، "ئەو رۆحە لەژێر باری جیهانێکی نوێی سارد و کۆمپانیاییدا کەوتووەتە لاوازییەوە؛ جیهانێک تێیدا قازانج و ئامار لەسەر رۆحی مرۆڤایەتی زاڵن. مرۆڤایەتی لەم سەردەمە میکانیکییەی جیهانیبووندا، بە شێوەیەکی بەپەلە پێویستی بە دۆزینەوەی ئارامی و دڵنیایی رۆحی هەیە."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "بۆ من، گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئەفسانەکانی ئەم ناوچەیە، تەنیا گەڕانەوەیەک بۆ رابردوو نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە رەگ و ریشەی مرۆڤ و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، سروشت و رۆح. ئەم هێمایانە دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی بە زمانێکی هونەری، پرسیار لە ژیانی ئەمڕۆمان بکەین و پەیوەندییە لەدەستچووەکانمان دووبارە بدۆزینەوە."
سەبارەت بە بەشداریکردنی لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان دا، دارا ئارام دەڵێت، "من لە ماوەی کاری هونەریی خۆم دا لە 75 پێشانگەی تاکەکەسی و هاوبەشدا لە گەلەری و مۆزەخانەکانی جیهان بەشداریم کردووە وەکو، ژاپۆن، ئەڵمانیا، سوید، دانیمارک، نەرویج، بەریتانیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باکوور. هەروەها چەندین خەڵاتی هونەریم بەدەستهێناوە."
دارا ئارام ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرهەمەکانی من لە کۆمەڵەی تایبەتی و گشتییەکاندا پارێزراون وەکو، باڵیۆزخانە کەنەدییەکان لە دانیمارک و سوید. هەروەها کۆکردنەوەکاری هونەری ناسراو، ئێرڤین زووکەر، لە هامیلتۆن، هونەرمەندانی ناسراوی کەنەدی وەک لیۆنارد کۆهێن و دوریس مەکارتی، شاریوانی ڕیچمۆندهێڵ، دەیڤ بارۆ، و سەرۆکی پۆلیسی هەرێمی یۆرک، ئارماند پی. لا بارژ، خاوەنی بەرهەمەکانی منن. هەروەها من ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمەکانم بە دیاری بەخشیوە بە چالاکییە خێرخوازی و کولتوورییەکان."
دارا ئارام، هونەرمەندێکی هاوچەرخی شێوەکاریی کوردە و لە شاری تۆرۆنتۆ لە کەنەدا دەژی، خوێندنی هونەری لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و کۆلێژی هونەری ئۆنتاریۆ لە شاری تۆرۆنتۆ تەواو کردووە. ئەو لە ساڵی 1980 دەستی بە شێوەکاری و دروستکردنی دامەزراندنە هونەرییەکان کردووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام بووە لە گەڕان بەدوای زمانێکی هونەریی تایبەت بە خۆیدا.


