رێگاکانی چەمچەماڵ نۆژەندەکرێنەوە
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی تەکیەی کاکەمەند بۆ بانی مەقان بە گوژمەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار دەستی پێ کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، بودجەی پێویستی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگەیە یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە بە شێوەیەکی چڕ بۆ بەستنەوەی شارەدێ و گوندەکان بە چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە لە 3 قۆناخ پێکهاتووە، قۆناخی یەکەم بانی مەقان تا دەروازەی چەمچەماڵ - سلێمانی دەگرێتەوە، قۆناخی دووەم رێگەی چەمچەماڵ - تەکیە لەخۆ دەگرێت، هاوکات قۆناخی سێیەم تایبەتە بە نۆژەنکردنەوەی رێگەی سەرەکیی ناو تەکیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دروستکردنی رێگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی رێگە کۆنەکان، پڕۆژەکانی حکوومەت لەم بوارەدا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.