180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوون
پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ئاماری نوێی پەیوەست بە دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% ـی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوون.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% ـی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوون. هاوکات 725 هەزار هاوبەشی دیکە ماون قەرزی کۆنی کارەبا بدەنەوە.
پڕۆژەی رووناکی باسی لەوەش کردووە، لە دوو قۆناخی لێخۆشبووندا، بە گشتی بڕی زیاتر لە 350 ملیار دینار قەرز ڵیخۆشبوون بۆ ئەوە هاوبەشانە کراوە کە قەرزی کۆنیان لەسەر بووە. هەروەها داهاتی گشتیش زیاتر لە 420 ملیار دینار بووە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا 60%ـی هاوبەشانی ماڵان هیچ قەرزێکی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی لەسەر نەماوە. هاوکات 40%ـی هاوبەشان هێشتا قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەر ماوە کە نیوەی ئەو هاوبەشانە بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار.