هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، داوادەکات تا تەواوبوونی کارەکانی قیرتاوکردن لە دەروازەی تۆنێلی میراوە، رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و لۆدێکی زۆر لەسەر شەقامەکە.

شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بەهۆی کارکردن لە قیرتاوکردنی دەروازەی تۆنێلی میراوە، رێگاکە تەسک بووەتەوە و پەستانێکی زۆری هاتوچۆی کەوتووەتە سەر، هەربۆیە داوا لە شۆفێران دەکرێت تا تەواوبوونی پڕۆژەکە، رێگەی "شێخ توراب" و رێگەی "مامە جەلکە - هیران" بەکاربهێنن.

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە،، کارکردن لە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگاکە تا کاتژمێر 8:00ـی بەیانی بەردەوام دەبێت و دوای ئەو کاتە کارەکان کۆتاییان دێت و هاتوچۆ لە شەقامەکەدا بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.