رووسیا: لە ماوەی 15 تا 20 رۆژ دیزڵ دەگەیەنینە ئەمریکا

حکوومەتی رووسیا بەکۆتاهاتنی داڕشتنی گرێبەستە بازرگانییەکانی هەناردەکردنی دیزڵ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە بەهۆی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، تەنیا 15 تا 20 رۆژ لە دوای ئیمزاکردنی فەرمیی گرێبەستەکان سووتەمەنیی رووسی دەگاتە بازاڕەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی دەدات بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کۆنتڕۆڵ و وزە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ڤێستی"ی حکوومی رایگەیاند: "ئێستا دانوستانەکان لەسەر مەرجە بازرگانییەکان بەردەوامن بۆ بەکۆتاگەیاندنی داڕشتنی گرێبەستەکان. دەستبەجێ دوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکان، سووتەمەنییەکە لە ماوەی 15 تا 20 رۆژدا دەگاتە بازاڕەکانی ئەمریکا."

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ ئاشکرا کرد، کە بووە هۆی دروستبوونی رەخنەی توند لەلایەن ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانییەوە. ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکی بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا.

بە گوێرەی شرۆڤەکاران، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە دوای شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی ئێران، نیگەرانییەکانی پارتی کۆماری زیادیان کردووە لە ئەگەری تووشبوونیان بە شکستی هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوودا.

سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئەم رێککەوتنە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر بازاڕ نابێت، چونکە ئەمریکا رۆژانە 3.9 ملیۆن بەرمیل دیزڵ بەکاردێنێت، لە کاتێکدا قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە لەگەڵ مۆسکۆ تەنیا 2.22 ملیۆن بەرمیل دەگرێتەوە، ئەمەش بەشی یەک رۆژی پێویستیی بەکارهێنەرانی ئەو وڵاتە ناکات.