لە کۆیە شانۆگەری "پۆلیس" نمایش دەکرێت

شانۆگەری "پۆلیس"، لە نووسینی شانۆنووسی پۆڵەندی سلاڤومێر مرۆژیک، بە وەرگێڕان و دراماتۆرگی فازڵ جاف و دەرهێنانی شوان حەمەسەعیدە، ئەمڕۆ لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کۆیە نمایش دەکرێت.

 چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، شوان حەمەسەعید، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "چیرۆکی نمایشەکە لە وڵاتێکی دیکتاتۆریدا روودەدات؛ وڵاتێک تێیدا هاووڵاتییان بۆچوون و توانای یاخیبوونیان لەدەست داوە و دوای ئەوەی دوایین زیندانیی سیاسی سوێندی وەفاداری دەخوات و ئازاد دەکرێت، چیتر هیچ تاوانبار و نەیارێک بۆ دەزگای پۆلیس نامێنێتەوە."

شوان حەمەسەعید سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێک لە ناو دەزگای پۆلیسدا، چونکە نەمانی تاوانبار واتای نەمانی پێویستی بەو دەزگایە و لەدەستدانی پۆست و بەرژەوەندییەکانی ئەفسەرەکانە. بۆیە، سەرۆکی پۆلیس بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە، یەکێک لە ئەفسەرەکانی ناچار دەکات رۆڵی تاوانبار و نەیاری سیستەمەکە ببینێت."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "بەڵام ئەوەی لە سەرەتاوە وەک رۆڵێکی ساختە دەستپێدەکات، بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بۆ راستییەک کە کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە. ئەفسەرەکە لە ژێر کاریگەری رۆڵە نوێیەکەیدا بەڕاستی دەبێتە یاخی و سنووری نێوان پاسەوانی سیستەم و نەیاری ئەو سیستەمە تێک دەشکێت. بەم شێوەیە، سیستەمێک کە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە دروستکردنی دوژمنێکی هەیە، خۆی هۆکاری دروستبوونی نەیارێکی راستەقینە دەبێت.

شانۆگەری "پۆلیس" لە نووسینی سلاڤومێر مرۆژیکە، فازڵ جاف وەرگێڕان و دراماتۆرگییەکەی ئەنجام داوە و شوان حەمە سەعید دەرهێنانی بۆی کردووە. دەوەن مشیر بەرپرسی سینۆگرافیای شانۆنامەکەیە، کارزان بەرزان دیکۆری بۆ دیزاین کردووە و دیاکۆ ماکۆکیش بەرپرسی مۆسیقا و رووناکییە. هەر یەکە لە، رزگار زاهیر، پێشەوا ناسیح، جوبرائیل عەلی، چرا ئیسماعیل، فەرمان خالید و فەرمان مەحموود رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.