لە سلێمانی.یەکەمین کۆنسێرتی کۆمەڵەی موزیکی کلاسیکی سەگرمە بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکەمین کۆنسێرتی کۆمەڵەی موزیکی کلاسیکی سەگرمە بە رابەرایەتی د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، موزیکژەن و رابەری ئۆرکێسترا، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "کۆنسێرتەکە لە چەند بەرهەمێکی ناسراوی موزیکی کلاسیک پێکهاتووە کە هەموویان بۆ ئەنسامبلی ژێدارەکان رێکخراون".
ئەو رابەرە ئۆرکێسترایە ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکان کرد و گوتی: "لەوانە ئۆڤێرتووری ئۆپێرای حەلاڵی سێڤیل لە رۆسینی، یەکەم جووڵەی سەمفۆنی ژمارە 40ی مۆزارت، بەرهەمی هۆپاک لە ئۆپێرای پێشانگەی سۆرۆچینتسکیی مۆسۆرگسکی، پاڵادیۆی کارڵ جێنکینز و یەکەم جووڵەی سەمفۆنی ژمارە 8ی شووبێرت کە بە ناتەواو ناسراوە".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەرهەمەکان، عەبدوڵڵا سەگرمە روونیکردەوە: "هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمانە کە هەر یەکەیان شێواز و تایبەتمەندییەکی موزیکی جیاوازیان هەیە، بوارێکی گونجاو بۆ نمایشکردنی توانای ئەندامانی ئەنسامبلەکە لە پێشکەشکردنی موزیکی کلاسیک دەڕەخسێنێت".
سەگرمە جەختیکردەوە: "ئەنسامبلی ژێدارەکان بەشێکی گرنگ لە موزیکی ئۆرکێسترا و موزیکی ژوورەوە پێکدەهێنن و پێشکەشکردنی بەرهەمەکان بەم شێوازە، پێویستی بە هاوئاهەنگی و کارکردنی هاوبەشی نێوان موزیکژەنەکان هەیە".
سەگرمە گوتیشی: "لەگەڵ بەرهەمە جیهانییەکاندا، ئەنسامبلەکە بەرهەمی سەمای کوردی کە لەلایەن منەوە ئامادە کراوە پێشکەش دەکات. ئەم بەرهەمەش بەشێکی کوردیی بەرنامەکەیە و لە تەنیشت بەرهەمە ناسراوەکانی موزیکی کلاسیکدا جێگەی خۆی دەگرێت".
لەبارەی گرنگیی ئەم چالاکییە، سەگرمە بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد: "کۆنسێرتەکە لە چوارچێوەی چالاکییە فێرکاری و هونەرییەکانی بەشی موزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی پێشکەش دەکرێت و دەرفەتێک بۆ ئەندامانی ئەنسامبلەکە دەڕەخسێنێت تا توانای خۆیان لە لێدانی بەرهەمە موزیکییەکان نمایش بکەن".
لە کۆتاییدا ئەو موزیکژەنە وتی: "پێشکەشکردنی ئەم جۆرە کۆنسێرتانە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، بەشێکە لە ژینگەی فێربوون و ئەزموونکردنی موزیک، کە قوتابیان و موزیکژەنەکان لە رێگەیەوە دەرفەتی ناسینی زیاتر و کارکردنی هاوبەشیان بۆ دەڕەخسێت".