ئومێد خۆشناو: دەبێت 75%ـی هەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆ بێت

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رێژەی 75%ی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی، بە شێوەیەکی رێکوپێک و وەک خۆی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تیمەکانی چاودێریش بەردەوام بەدواداچوونی مەیدانیی بۆ دەکەن.

چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی هەلی کاری شایستەیە بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە جیاوازەکاندا.

پارێزگاری هەولێر روونیشیکردەوە، تەواوی تیمەکانی بەدواداچوون و پشکنینی سەربە قایمقامیەتی هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەسەر خەتن و بەردەوام چاودێریی کۆمپانیا و شوێنە کارەکان دەکەن و گوتیشی: «بڕیارەکە بە ئاراستەیەکی زۆر باش جێبەجێکراوە و لە جێبەجێکردنیشی بەردەوام دەبین.»

 رێکخستنەوەی بازاڕی کار و کەمکردنەوەی بێکاری

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی و گرنگیدان بە توانا ناوخۆییەکان، کۆمەڵێک رێکاری بۆ رێکخستنەوەی کەرتی کار گرتووەتە بەر. لەو چوارچێوەیەدا، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت پابەند کراون بەوەی لانیکەم 75٪ی کارمەند و هێزی کاری پڕۆژەکانیان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، سنووردارکردنی هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی و رەخساندنی دەرفەتی گونجاوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان تا بتوانن لە کەرتی تایبەتدا بەشدار بن لە گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتدا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان بەردەوام سزای ئەو شوێنانە دەدەن کە پابەندی رێژەی دیاریکراوی دەستی کاری ناوخۆیی نابن.