هاندەرانی کوردستان براوەی باڵۆن دۆری 2026 هەڵدەبژێرن
باڵۆن دۆری هاندەران لە کوردستان24 بەڕێوە دەچێت
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان کوردستان24 رێورەسمێک بە ناونیشانی "باڵۆن دۆری هاندەران" بە سیستیەمێکی جیاواز بە هەمان پێوەرەکانی باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ رێکدەخات، هاندەران باشترین یاریزانی 2026 دەستنیشان دەکەن، دواتر هەر لە هەمان شوێن هەڵسەنگاندن بۆ براوەی باڵۆن دۆرەکانی 25 ساڵی رابردوو دەکەن، پاشان سالار جەلال، رێکان عەزیز و دژوار رزگار شرۆڤەیەکی گەرموگوڕ لەبارەی باڵۆن دۆری 2026 دەکەن.
کوردستان24 رۆژی هەینی کاتژمێر 09:00ـی شەو لە هۆڵی ناوەندی گەنجان لە ئەربیل ئەڤینیۆ لە هەولێری پایتەخت چالاکییەکی دەگمەن و ناوازە لە ژێر ناونیشانی "باڵۆن دۆری هاندەران" رێکدەخات.
کێ مافی دەنگدانی هەیە؟
لە باڵۆن دۆری جیهان کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو رێورەسمی بەخشینی باڵۆن دۆری 2026 لە لەندەن بەڕێوەبچێت، خەڵاتەکە بە دەنگی 100 رۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهان یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام لە "باڵۆن دۆری هاندەران"ـی کوردستان24 لە هەولێری پایتەخت باشترین یاریزانی جیهان بە دەنگی 100 هاندەری هەرێمی کوردستان یەکلایی دەبێتەوە کە لە هۆڵی ناوەندی گەنجان لە ئەربیل ئەڤینیۆ ئامادە دەبن و دەنگ بۆ ئەو 30 یاریزانە دەدەن کە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری 2026 بەربژێر کراون.
ئەو 100 هاندەرەی لە لایەن کوردستان24 بانگهێشت دەکرێن بۆ رێورەسمی باڵۆن دۆری هاندەران هاوشێوەی رۆژنامەنووسانی جیهان دەتوانن دەنگ بە یاریزانی دڵخواز و شایستە بدەن.
شیوازی دەنگدانەکە چۆنە؟
لە رۆژی رێورەسمەکە 100 هاندەری ئامادەبوو فۆڕمێکیان پێدەدرێت و هاوشێوەی باڵۆن دۆری جیهان دەبێت 10 یاریزان بەربژێر بکەن.
ئەو یاریزانەی لە ریزبەندی یەکەم دادەنێیت 15 خاڵ وەردەگرێت، یاریزانی ریزبەندی دووەم 12 خاڵی پێدەدرێت، یاریزانی ریزبەندی سێیەم 10 خاڵی بۆ دادەنرێت، ریزبەندی چوارەم 8 خاڵ وەردەگرێت، ئەو یاریزانەی لە دوایین پلەی ریزبەندی فۆڕمەکە دادەنێیت کە پلەی دەیەمە تەنیا 1 خاڵ وەردەگرێت.
دواجار کام یاریزان زۆرترین خاڵ بەدەستبهێنێت بە باشترین یاریزانی 2026 دەستنیشان دەکرێت و دەبێتە خاوەنی باڵۆن دۆری هاندەرانی کوردستان24.
لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆری هاندەرانی کوردستان24 پرسیار لەبارەی براوەکانی 25 ساڵی رابردووی باڵۆن دۆر دەکرێت کە تێیدا لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆنترۆڵی خەڵاتەکانیان کردووە و پرسیار لەبارەی شایستە و شایستەنەبوونی ئەو یاریزانانە دەکرێت کە لە 25 ساڵی رابردوو خەڵاتی باڵۆن دۆریان بردووەتەوە، هاندەرانی ئامادەبووش بە "بەڵێ و نەخێر" وەڵام دەدەنەوە.
لە شەوی رێورەسمی باڵۆن دۆری هاندەران لە هەمان شوێنی دەنگدانەکە محەمەد عەدنان لەگەڵ 3 شرۆڤەکارەکەی کوردستان24 سالار جەلال، رێکان عەزیز و دژوار رزگار شرۆڤەیەکی گەرموگوڕ لەبارەی باڵۆن دۆری 2026 دەکەن.