لە پێگەیەکی شوێنەواری هەولێر نهێنی شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا ئاشکرا دەبن

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر رایدەگەیەنێت، پێگەی شوێنەواریی "گردی مەتراب" لە دەشتی هەولێر یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە مێژووییەکان کە سەردەمی نیشتەجێبوونی لە چوار هەزار ساڵ پێش زایینەوە تا سەردەمی سلۆکی و پارتی (ئەشکانی). لەخۆ دەگرێت، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دۆزینەوەکانی ئەم پێگەیە تێگەیشتن لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی باکووری میزۆپۆتامیا و کوردستان دەگۆڕن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24گوت، رووبەری گردی مەتراب نزیکەی 20 هێکتارە و بەڵگەی دەوڵەمەندی ژیانی مرۆڤی تێدایە کە لە سەردەمی کۆتایی عوبەید و کۆتاییەکانی کالکۆلیتیکەوە دەست پێدەکات تا سەردەمی سلۆکی و پارتی (ئەشکانی).

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، گرنگیی کارەکانیان لەوەدایە ژیانی رۆژانە، رێکخستنی نیشتەجێبوون و چالاکییە ئابوورییەکان بە درێژایی هەزاران ساڵ بەڵگەدار دەکەن؛ بەجۆرێک لە جیاتی تەنیا تیشکخستنە سەر پاشا و ئیمپراتۆریەتەکان، لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵگایانە دەکەن کە بە کرداری مێژووی کوردستانی کۆنیان دروست کردووە.

دۆزینەوە سەرەکییەکان لە سێ بەشی جیاوازدا

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر روونی کردەوە، لێکۆڵینەوەکانیان لە ساڵی 2020-2021 بە رووپێوی شوێنەواری دەستی پێکرد و پاشان گۆڕدرا بۆ هەڵکۆڵینی سیستماتیک. لە گرنگترین دۆزینەوەکانیش بریتین لە:

لە بەشی (B): شارۆچکەیەکی سەردەمی کۆتاییەکانی کالکۆلیتیک (نزیکەی 4000 ساڵ پێش زایین) دۆزراوەتەوە، کە بینای نیشتەجێبوون، شوێنی هەڵگرتن، کورەی گەورە، مۆری کارگێڕی و چەندین پارچەی شوێنەواری لەخۆ دەگرێت، کە نیشاندەری بەرهەمهێنانی خۆراک و کاری پیشەسازیی دەستین.
لە بەشی (A): ناوچەیەکی گەورەی نیشتەجێبوونی سەردەمی هێلینیستی (سەدەی 3-4ـی پێش زایین) بە ڕووبەری نزیکەی 250 مەتر چوارگۆشە دۆزراوەتەوە، کە ژوور، حەوشە، فڕن و بەڵگەی بەرهەمهێنانی قوماشی تێدایە.
لە بەشی (C): بیناسازییەکی گەورە و کۆمەڵگەیەکی تەلارسازیی سەردەمی سلۆکی دۆزراوەتەوە، کە بناغەکانی بە خشتی سوورکراو دروست کراون و ڕەنگە بینایەکی گرنگی گشتی یان دامەزراوەیی بووبێت.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان، نادر بابەکر، باسی لەوە کرد کە گەرمای توندی هاوین و سروشتی ناسکی بیناسازیی خشتی ق قوڕین تەحەددیی سەرەکین، بەڵام لە رێگەی بەڵگەنامەکردنی وردی دیجیتاڵی، رووپۆشکردنی پارێزەر و تەکنیکی نوێ، پێکهاتەکان دەپارێزن بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە و لە جیاتی هەڵکەندنی هەڕەمەکی، سوود لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک: راداری زەمینی (GPR)، موگناتیسی، نەخشەسازی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) و شیکاری ژینگەیی وەردەگرن بۆ دیاریکردنی شەقام و تەلارەکان لەژێر زەویدا بەبێ تێکدانیان.

دەربارەی چارەنووسی دۆزینەوەکان، نادر بابەکر جەختی کردەوە "هیچ پارچە و کەلوپەلێکی ساخ نابرێتە دەرەوەی وڵات، بەڵکو هەموویان بە هاوکاریی تیمی شوێنەواری هەولێر کەتەلۆگ دەکرێن و لە مۆزەخانەی هەولێر دەپارێزرێن. بۆ ئەم مەبەستەش کۆگایەکی پێشکەوتووی هەڵگرتن لە ناو مۆزەخانە دروست کراوە و تەنیا هەندێک نموونەی وەک هێسک و خەڵووز بۆ تاقیگە نێودەوڵەتییەکان دەنێردرێن بە مەبەستی شیکاریی زانستی".

ناوبراو ئاماژەی بە پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمەکان و راشیگەیاند: پڕۆژەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ڕاهێنانی نەوەیەکی نوێ لە شوێنەوارناسانی گەنجی کورد شانبەشانی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی هەڵکۆڵین، نەخشەسازیی دیجیتاڵی، شیکاریی گلێنە و رووپێوی جیۆفیزیکی.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، گردی مەتراب دەیسەلمێنێت کە کوردستان لە مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیادا تەنیا پەراوێز نەبووە، بەڵکو ناوەندێکی زیندووی داهێنان و شارستانیەت بووە و دۆڵی دیجلە و زنجیرەچیای زاگرۆسی بەیەکەوە بەستووەتەوە.

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە فەرمی ماوەی کاری هەڵکۆڵینی لەو پێگەیە بۆ زانکۆی (برین ماوەر - Bryn Mawr)ـی ئەمریکی نوێ کرایەوە. بڕیارەکە لەلایەن ئەندازیار ئاوارە کوێخا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور واژوو کرا.

نوێکردنەوەی گرێبەستەکە پاڵپشتە بە یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی 2021 (یاسای شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان)، ماددەی 17 خاڵی سێیەم، هەروەها بەپێی گرێبەستی هاوبەشی ژمارە (21١)ـی نێوان هەردوولا. بەگوێرەی بڕیارەکە، زانکۆ ئەمریکییەکە لە ساڵی 2027  تاکو2029 بە هەمان مەرج و رێکارە یاساییەکان بەردەوام دەبێت لە پشکنین و هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لە دەشتی هەولێر.