سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی: خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراقە
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای كارگێڕیی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراقە، هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە تا رێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ کڕین و بەناوکردنی خانووبەرە لە شارەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای كارگێڕیی لەسەر سکاڵای سێ کەس بەناوەکانی (ئومێد حەمەڕەشید محەمەد، بەناز محەمەد شەریف و شوانە عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان)، کە سکاڵایان لە دژی پارێزگاری سلێمانی تۆمارکردبوو، داوای ههڵوهشاندنهوهی فهرمانی ژماره (6448 لــه 6/6/2016)یان کردووە، گوایە پارێزگاری سلێمانی بەم بڕیارە و بە ناوی گهشهپێدانی گهشتیاری و ئابووری، رهزامهندی داوه به (تۆماركردنی شوققهو خانوو به ناوی هاووڵاتییانی عێراقی و هاووڵاتییانی بیانی به هاوشێوهی هاووڵاتییانی سلێمانی، ئەمەش بە هۆکار دەزانن بۆ كۆچی به لێشاوی نیشتهجێبونی ههمیشهیی خەڵکی ناوهڕاست و خواری عێراق بۆ ههرێمی كوردستان.
هەروەها سکاڵاکارەکان ئەو بڕیارە بە شێواندنی پێكهاتهی رهسهنی شاری سلێمانی و پێچهوانهی ئامانجهكانی دهستووری ههمیشهی عێراق دەزانن، بۆ رێگری له گۆرانكاریی دیمۆگرافی و پێشێلكردنی مافه دهستووری و یاساییهكانی هاووڵاتیانی ههرێمی كوردستان.
لە وەڵامی ئەو سکاڵایە و بڕیارە، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کەمێک لەمەوبەر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە کۆپییەکی دەست کوردستان24 گەیشتووە، تیایدا هاتووە "ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە 57/ک/2026 لە 21/10/2026ـی دەرکردووە، کە بووەتە باس و خواسی راگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتووقی بڕیاری ئاماژە بۆ کراویشە. سەرەتا ئەو بڕیارە تەنیا لە مەنتووقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆ دەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنیا تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆ گرتووە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکوو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندووەتەوە لە رووی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ـەوە".
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوە جەخت دەکاتەوە، کە بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، دەستوورییە یاسا تایبەتەکان و لەسەرووی هەمووشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە رێکیخستووە، بۆیە هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە رێگر بێت لەبەردەم هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوققە و خانووبەرە.
هەروەها جەخت دەکاتەوە، بەپێی دەستووری عێراق، هاووڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی رەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی. بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە راڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردووە.
