لە دهۆک بەهۆی تەقینەوەی مینێک پیاوێک قاچێکی لەدەستدا
لە سنووری دهۆک مینێکی چێندراو بە پیاوێکی 50 ساڵاندا تەقیەوە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، لە ژێڕ چاودێری چڕی پزیشکیدایە و چارەسەری بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێگر بێسڤکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێش چەند خولەکێک، لە گوندی سیاری سەربە سنووری شارەدێی چەمانکێ مینێکی چێندراو بە کەسەکدا تەقییەوە و بووە هۆی لە دەستدانی قاچێکی.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین ئاماژەی بەوە دا، ئەو کەسەی مینەکەی پێدا تەقیوەتەوە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵانە و خەڵکی هەمان شارەدێیە، بە مەبەستی سەردانیکردنی خزم و ناسیاوانی سەردانی ئەو گوندەی کردبوو.
هاوکات باسی لەوەش کرد، دوای رووداوەکە بریندارەکە دەم و دەست رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە و ئێستا لە ژێڕ چاودێری چڕی پزیشکیدایە و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.