مالیزیا ئاپی وەیزی لە فەرمانبەرانی حکوومەت قەدەخە کرد
حکوومتی مالیزیا ئاپی وەیزی لە فەرمانبەرانی حکوومەت قەدەخە کرد و ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتداران بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر رەگەز و بنەڕەتی ئیسرائیلی و دەسەڵاتی دادوەریی داتاکانی، فەرمانبەرانی حکوومیان لە بەکارهێنانی ئەم ئەپە بۆ کاروباری فەرمی قەدەخە کرد.
ئیزابێل لیۆنگ، پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رۆژی چوارشەممە ئەم سنووردارکردنەی راگەیاند و گوتی، ئامانج لەم بڕیارە پاراستنی زانیارییە حکوومییەکان و داتا کەسییەکانە لە ئەگەری هەر شێوازێکی خراپ بەکارهێنانی.
ئەپی وەیز کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای گووگل دەگەڕێتەوە، لە ئیسرائیل دامەزراوە و هەر لەوێش تۆمار کراوە،کۆمپانیاکە بە توندی تۆمەتەکانی حکومەتی مالیزیای ڕەتکردەوە.
گوتەبێژێکی وەیز بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەو بانگەشانەی کە دەگوترێت وەیز زانیارییە هەستیارەکانی حووکمەت کۆدەکاتەوە یان رێگە بە هیچ لایەنێک دەدات دەستکاریی داتا کەسییەکانی بەکارهێنەران بکات، سەرتاپا بێبنەمان" هەروەها کۆمپانیاکە رایگەیاند کە ئەوان بەپێی سیاسەتی توندی تایبەتمەندی کاردەکەن و پابەندن بە بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ پاراستنی داتا.
گۆبیند سینگ دیۆ، وەزیری دجیتاڵی مالیزیا، رۆژی پنجشەممە بە پەرلەمانی راگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنەکە بەتایبەتی فەرمانبەرانی حکوومی دەگرێتەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکاندا وەیز بەکاردەهێنن.
ناوبراو رایگەیاند کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای نیگەرانییەکانی ئاسایشی داتا و یاسایی بووە، چونکە زانیاریی بەکارهێنەران دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیلەوە.
حکوومەتی مالیزیا هیچ وردەکارییەکی زیاتری پێشکەش نەکردووە بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن پێی وایە ئەو داتایانە دەکرێت خراپ بەکاربهێنرێن یان چۆن بڕیارەکە جێبەجێ و چاودێری دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی هۆشداری دا ئەگەر ئەو فەرمانبەرانەی حکوومەت پابەند نەبن، سزا دەدرێن.
ئەم بڕیارەی مالیزیا لە کاتێکدایە کە لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق، بەرواری جێبەجێکردنی قەدەخەکردنی ئاپی وەیزی عێراقی هێناوەتە پێشەوە بۆ کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2026 وەزیری گەیاندن هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارەی روونکردەوە و گوتی: قەدەخەکردنی بەرنامەکە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەپلیکەیشنێکی ئیسرائیلییە و لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و فەرمییەکانی عێراقدا، کارکردنی لە ناوخۆی وڵاتدا رادەگیرێت.