لە کەرکووک کۆنسێرتی 'گەشتێک بەرەو ئارامی' بەڕێوەدەچێت
کۆنسێرتی "گەشتێک بەرەو ئارامیی"، بە سەرپەرشتی توانا بەکر، لەژێر ناونیشانی "ژەنینی ئەو خەونانەی بڕوایان بە داهاتوو هەیە"، ئەمڕۆ هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، توانا بەکر، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "کۆنسێرتەکە لە سێ بەش پێکدێت، بەشی یەکەمی کۆنسێرتەکە تایبەتە بە هەشت قوتابی من، کە هەر یەکەیان پارچە موزیکێکی کلاسیکی جیهانی پێشکەش دەکات. بەم شێوەیە، هەشت پارچە موزیک لەلایەن هەشت قوتابییەوە لەبەردەم ئامادەبووان دەژەنرێن و دەرفەتێک بۆ پیشاندانی توانای ژەنیاری و ئاستی فێربوونیان دەڕەخسێت."
توانا بەکر باس لە بەشی دووەمی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "بەشی دووەمی کۆنسێرتەکە بەشداریکردنی منە لەگەڵ یەکێک لە قوتابییەکانم، کە لە بواری خوێندنی دەنگ و گۆرانیگوتندا چالاکە و لە هەمان کاتدا پیانۆش دەژەنێت. ئەم بەشە تێکەڵەیەک لە ژەنینی پیانۆ و پێشکەشکردنی دەنگییە و رۆڵی هاوکاریی نێوان مامۆستا و قوتابی لە پێشکەشکردنی کارێکی هاوبەشی هونەریدا دەخاتەڕوو."
سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە باسی لەوەش کرد، "لە بەشی سێیەمی کۆنسێرتەکەشدا، من لەگەڵ ژەنیارێکی کلارنێت، چەند گۆرانییەکی کوردی پێشکەش دەکەین کە بۆ پیانۆ و کلارنێت ئامادەکراون. ئەم بەشە تایبەتمەندییەکی جیاوازی کۆنسێرتەکەیە، چونکە گۆرانییە کوردییەکان لە رێگەی هاوئاهەنگیی دوو ئامێری موزیکییەوە پێشکەش دەکرێن و دەرفەتێک بۆ گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی بە شێوازێکی ئامێری و جیاواز دەڕەخسێنین."
ئەو کۆنسێرتە لە رێگەی کۆکردنەوەی قوتابیان و هونەرمەندان لەسەر یەک سەکۆ، هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردنی موزیکی کلاسیکی و کوردی و پیشاندانی توانای ژەنیاریی گەنجان، هەروەها دروستکردنی دەرفەتێک بۆ ئەوەی قوتابیان ئەزموونی پێشکەشکردنی کارەکانیان لەبەردەم ئامادەبوواندا بەدەستبهێنن.