فڕۆکەخانەی ریاز گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە

 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز رایگەیاند،لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێدەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دێت دوو هەفتەیە بەهۆی هێرشی حوسییەکانی یەمەنەوە گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە وەستاوە  لە بەرامبەریشدا حوسییەکان هۆشداری دەدەن لە هێرشی زیاتر.

ماڵپەڕی "فڵایت رادار" کە تایبەتە بە چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەوەی پیشان داوە کە بەرەبەیان ئەمرۆ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی ریازەوە بەرەو شاری جەددەی سعودیە فڕیوە.

لەم چوارچێوەیەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە "ئاگادارتان دەکەینەوە کە بڕیار دراوە لە رۆژی یەکشەممەوە، تێرمیناڵی 1 بۆ گەشتە ناوخۆییەکان و تێرمیناڵی 2 بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هێڵە ئاسمانییە نیشتمانییەکان تەرخان بکرێت."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان حووسییەکان و سعوودیە زیادیان کردووە، هەروەها لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە یەمەن لە مانگی تەممووزی رابردوودا، حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکتر.

لەم مانگەدا، حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە کە پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکات چڕتر کردووەتەوە. یەکێک لەو هێرشانەی کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی ریاز لە 10ی تشرینی یەکەمدا، بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، کە بە سەختترین هێرش بۆ سەر خاکی سعوودیە دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند "هێزە چەکدارەکانی یەمەن هۆشدارییەکەیان نوێ دەکەنەوە بۆ سەرجەم هێڵە ئاسمانییە جیهانی، هەرێمی و ناوخۆییەکان، هەروەها کارمەندان و گەشتیاران، کە گەشتکردن لە رێگەی فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریازەوە سەلامەت نییە، چونکە ئامانجێکی سەربازیی هێزەکانمانە."

یەحیا سەریع هۆشداریشی دا و گوتی "سعوودیە بەرپرسیار دەبێت لە لێکەوتە خراپەکانی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، چونکە هێزە چەکدارەکانمان لە هێرشەکانیان بۆ سەری بەردەوام دەبن و هەرگیز سەلامەت نابێت."