سەرۆکوەزیران سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی دوورخستەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا کۆتایی بە ئەرکی حەمید شەتری لە پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بهێنێت.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمی نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ سەرۆکوەزیران فەرمانێکی دیوانی بۆ دوورخستنەوەی حەمید رەشید فلیح ناسراو بە حەمید شەتری لە پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی دەرکردووە.
نووسراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوبووەتەوە و واژۆی رەشاد خەلەف هاشم، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لەسەرە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕیارەکە پاڵپشت بە رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
حەمید شەتری، یەکێکە لە کەسایەتییە ئەمنییە دیارەکانی عێراق و لەدایکبووی ساڵی 1969ـی پارێزگای زیقارە. شەتری لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، کرایە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی. پێش ئەو پۆستەش چەندین ئەرکی هەستیاری دیکەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا وەرگرتووە.