رۆیتەرز: حزبوڵڵا بۆ شەڕی ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات
بەرپرسانی ئەمنیی لوبنان کە لە چالاکییەکانی حزبوڵڵا ئاگادارن رایانگەیاند، باڵەکانی ئەو حزبە ماوەی 3 مانگە بەهۆی وەرگرتنی پارەی نەختینە لە ئێران، بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل خۆیان پڕچەک دەکەن.
دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوو سەرچاوەی ئەمنیی لوبنان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، حزبوڵڵا لەو ماوەیەی شەڕ و پێکدادانەکان لە حوزەیرانی رابردووەوە کەمبوونەتەوە سوودی وەرگرتووە بۆ خۆپڕچەککردنەوە. ئەم هەوڵانە بەتایبەت لە رێگەی کڕینی تەقەمەنی و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوەن دەتوانن ئاراستەی پێگە ئیسرائیلییەکان بکرێن.
یەکێک لەو سەرچاوانە و سەرچاوەیەکی دیکە لە حزبوڵڵا نزیکە گوتیان: "حزبوڵڵا دەیان ملیۆن دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە بۆ ئەوەی یارمەتیی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بدات."
هەروەها یەکێک لەو سەرچاوانە و سێ بەرپرسی ئەمنیی دیکە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵا ئاگادارن، باسیان لەوە کرد کە حزبوڵڵا کار لەسەر بونیاتنانەوەی ئەو پێکهاتانەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەکات لە کاتی شەڕە یەکلاکەرەوەکاندا تێکچوون.
نووسینگەی راگەیاندنی حزبوڵڵا لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا رایگەیاند، "داگیرکردنی خاکی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە هەر بەرگرییەک لە دژی ئەو وڵاتە دەکاتە مافێکی رەوا. نووسینگەکە رەتیکردەوە سیستەمەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی حزبوڵڵا تێکچووبن.
سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە لێدوان لەمبارەیەوە بدات. هاوکات نێردەی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ تا ئێستا وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزی نەداوەتەوە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە گوشار خستنە سەر سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵڵا لە رێگەی گەمارۆکان و رێوشوێنەکانی دیکەوە. لە بەرامبەردا، گوتەبێژێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گوتی، پارەکانی ئێران و هەروەها رێگاکانی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران روو لە کەمبوونەوەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، حزبوڵڵا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری لە تاران وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی لە بنکە شیعەنشینەکان ئاوارە بوون، ئەوەش بەپێی ئەو راپۆرتەی رۆیتەرز لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوی کردبووەوە.
حزبوڵڵا، کە سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی 1982 دایمەزراندووە، لە دوو شەڕی دژی ئیسرائیل لە ساڵی 2024ـەوە تووشی گورزی قورس بووەتەوە. بەو هۆیەوە هەزاران چەکدار و چەندین فەرماندەی کوژراون و بەشێکی زۆری جبەخانەکەشی لەناوچووە.
ئێستا هێزەکانی ئیسرائیل بنکەکانی حزبوڵڵایان لە گوندەکانی باشووری لوبنان داگیرکردووە و گوشارە سیاسییەکان لە بەیروت بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا زیادیان کردووە.