ئەمساڵ هیچ کورسییەکی خوێندنی دەرەوە بۆ قوتابیانی هەرێمی کورستان دابین ناکرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا: بەهۆی کێشەی دارایی کورسیی خوێندن دابین نەکراوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ هیچ کورسییەکی خوێندنی دەرەوەی وڵات بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت. ئەم بڕیارە بەهۆی کێشە داراییەکانی حکوومەتی عێراقەوە دراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "لەو 5 هەزار کورسییەی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندرا، توانیومانە پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەین."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، حکوومەتی عێراق لە سەردەمی کابینەی سوودانی، بڕیاری دابینکردنی 5 هەزار کورسیی خوێندنی دەرەوەی وڵاتی بۆ سەرتاسەری عێراق دابوو، کە بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان، 1000 کورسی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو. بەشێک لەو کورسییانە بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی تەرخان کرابوون.
هەروەها لە سێ کاروانی قوتابیان کە بڕیار بوو بۆ خوێندن بنێردرێنە دەرەوەی وڵات، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە، هێشتا بەشێکیان نەڕۆیشتوون. حکوومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، تا کێشە داراییەکان چارەسەر نەکرێن، بڕیار لەسەر ناردنی ئەو قوتابیانە نادرێت کە لە ساڵانی رابردوودا ناویان هاتووە.
هەر بە هۆکاری کێشەی دارایی ناردنی خوێندکاران بۆ دەرەوەی وڵات بۆ مەبەستی خوێندن لە ساڵی 2026 یش راگیراوە.
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، کورسییەکان لە پێنج قۆناخدا دابەش دەکران، کە تا ئێستا سێ قۆناخیان راگەیەندراوە و قوتابییە هەڵبژێردراوەکان نێردراونەتە دەرەوەی وڵات.
سەرەڕای ئەمەش، پرۆسەکە لە ساڵی 2026ـدا وەستاوە و ئەو کەسانەش کە ناویان لە قۆناغەکانی پێشوودا هاتووەتەوە، ئەمساڵ بۆ خوێندن نانێردرێنە دەرەوەی وڵات.