ئاسایشی هەولێر: دوو تۆمەتبار لە کاتی هەڵاتندا دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، لە گەڕەکی ئیسکان دەستڕێژی گولە یان لە باڵەخانەی شوقەکانی ئیسکان تاوەر کردبوو و هەوڵی هەڵاتنیان دابوو.

 بەپێی راگەیەندراوێکی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ص. ف. م.) و (ر. أ. م.)، بەهۆی بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاووڵاتییەکی دانیشتووی شوقەکانی ئیسکان تاوەر لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر، ئاژاوەیان ناوەتەوە و دەستڕێژی گولە یان ئاراستەی باڵەخانەی شوقەکان کردووە.

ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەدواداچوونیان دەستپێکردووە و، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان، توانیویانە لە کاتی هەڵاتنیاندا بۆ دەرەوەی شاری هەولێر هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و چەکەی لە تاوانەکەدا بەکارهاتبوون گیراوە، هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.

هاوکات ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانی کردووە بۆ هاوکاریی بەردەوامیان لە پێدانی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی پایتەختدا.