بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

ماڵپەڕی "ئەی بی سی نیوز" بڵاویکردەوە، لیوا بریت سێلڤیا لە پۆستی بەڕێوەبەری ستراتیژی، پلاندانان و سیاسەتەکان لە دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا دوورخراوەتەوە و دوای 11 مانگ لە وەرگرتنی پۆستەکە، خانەنشین کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕەکە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاند، سێلڤیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لە پۆستەکەی لادراوە. یەکێک لە سەرچاوەکان روونیکردەوە، دوورخستنەوەکە پەیوەندی بە پرسی متمانەپێکردنەوە هەبووە، بەڵام روون نییە بڕیارەکە لەلایەن پیت هێگسیت، وەزیری جەنگی ئەمریکا یان جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشەوە دەرچووە.

نووسینگەی ستراتیژی، پلاندانان و سیاسەتەکان کە بە J-5 ناسراوە، یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتییە گرنگەکانی دەستەی ئەرکانی هاوبەش. ئەم نووسینگەیە بەرپرسە لە پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن، لە پاڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان J-3 کە بەرپرسە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

گوتەبێژی دەستەی ئەرکانی هاوبەش رایگەیاند، سەرۆکی دەستەکە و ئەندامانی هێزی هاوبەش سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ بریت سێلڤیا و خێزانەکەی دەردەبڕن لە بەرامبەر 32 ساڵ خزمەتی دیار بۆ وڵاتەکە. ئەو گوتەبێژە هیوای سەرکەوتنی بۆ سێلڤیا و خێزانەکەی لە قۆناخی داهاتوودا خواست.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، ناوی سێلڤیا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەسەر وێبسایتی دەستەی ئەرکانی هاوبەش وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی پلاندانان هەبوو، پێش ئەوەی بسڕێتەوە و تەنیا ناوی جێگرەکەی، لیوا مارک ئێچ. سلۆکۆم، وەک بەرپرس لەسەر وێبسایتەکە بهێڵدرێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لادانی سێلڤیا لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دوورخستنەوەی ئەفسەرە پلە باڵاکانە کە لە ماوەی دەستبەکاربوونی پیت هێگسێت وەک وەزیری جەنگی روویانداوە.

ساڵی رابردوو، دوو جەنەڕاڵی دیاری دەستەی ئەرکانی هاوبەش بە زوویی خانەنشین کران، یەکێکیان لیوا جۆزێف جی بی ماکجی بوو کە پێشینەی سێلڤیا بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی J-5. ماکجی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو خانەنشین بوو، دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەربژێربوونی ئەویان بۆ پۆستی بەڕێوەبەری دەستەی ئەرکانی هاوبەش نوێ نەکردەوە، پۆستێک کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن بۆی بەربژێر کرابوو.

هاوکات ساڵی رابردوو لیوا دۆگلاس سیمز، بەڕێوەبەری دەستەی ئەرکانی هاوبەشیش بە زوویی خانەنشین کرا، کە پێشبینی دەکرا پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ جەنەڕاڵی چوار ئەستێرە.