ئەمریکا تۆڕێکی تەکنەلۆژیی کۆریای باکووری سزادا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەس و قەوارەیەکدا سەپاند، کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاریکردن بۆ تۆڕەکانی تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆریای باکوور لە رووسیا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو تۆڕانە لە رێگەی بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە و زیرەکیی دەستکردەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان هەڵخەڵەتاندووە و بە دراوی ئەلیکترۆنی سەدان ملیۆن دۆلاریان دەستەبەرکردووە. ئەم داهاتە وەک سەرچاوەی دارایی بۆ بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژ و مووشەکە بالیستیکییەکانی پیۆنگیانگ بەکارهاتووە.

سزاکان دوو هاووڵاتیی رووسی و چەند سەرپەرشتیارێکی کۆریای باکوور لەگەڵ شەش کارمەندی سەنتەری یەکەمی پەرەپێدانی دارایی و تەکنیکی (FFTDC) دەگرێتەوە. ئەو کەسانە بڕی ملیۆنان دۆلاریان بۆ کۆریای باکوور گواستووەتەوە. ئەم هەنگاوە لەگەڵ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئوسترالیا هاوتەریبە و دەبێتە هۆی بەستنی سەرجەم سەروەت و سامانەکانیان لە ئەمریکا و رووبەڕووکردنەوەی هەر کەس و لایەنێک کە مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵدا بکات.

سزاکان هەروەها سەنتەری یەکەمی پەرەپێدانی دارایی و تەکنیکی (FFTDC) دەکاتە ئامانج، کە قەوارەیەکی کۆنترۆڵکراوی کۆریای باکوورە لە رووسیا. بەگوێرەی ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەتە بیانییەکان (OFAC)، شەش هاووڵاتیی کۆریای باکوور کە لە رووسیا کاردەکەن بە ناوەکانی کیم کیۆنگ جو، ری تائه چۆل، سۆ هیۆن جین، هان یو سۆنگ، کیم سۆنگ گوان و هیۆن سێ ئیل، لە ساڵی 2025ـەوە کۆی گشتیی زیاتر لە 750,000 دۆلاریان بۆ ئەو قەوارەیە بەدەستهێناوە.

ئەم هەنگاوە درێژکراوەی سزاکانی 12ـی ئاداری 2026ـی (OFAC)ـە. وەزارەتەکە رایگەیاند، ئوسترالیا و یەکێتیی ئەوروپاش لە تشرینی یەکەمدا سزایان بەسەر کەس و قەوارە پەیوەندیدارەکان بە داهات و چالاکییە سەربازییەکانی کۆریای باکووردا سەپاندووە. واشنتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگی دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەو تۆڕانەی یارمەتیی پیۆنگیانگ دەدەن بۆ خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکان.

بەگوێرەی رێکارەکان، سەرجەم موڵک و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەو کەس و قەوارانە لە ئەمریکا دەبەسترێن و نابێت هیچ کەس یان کۆمپانیایەکی ئەمریکی مامەڵەیان لەگەڵ بکات. وەزارەتی گەنجینە هۆشدارییدا، پێشێلکردنی ئەم سزایانە دەبێتە هۆی تووشبوونی کەسانی ئەمریکی و بیانی بە سزای مەدەنی یان تاوانکاری.