کارکردن لە پڕۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر بەردەوامە

کارکردن لە قۆناخی دووەمی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسی هەولێر بەردەوامە و پڕۆژەکە بە گوژمەی 579 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەکە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی ئاوەڕۆ و پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی.

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 56 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای چارەسەرکردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێکدا هەیە.

پێکهاتەی ئەم پڕۆژەیە راکێشانی بۆری بە درێژایی 21 هەزار و 930 مەتر بە تیرەی جیاواز لەخۆ دەگرێت. ئەو بۆریانە ئاوی قورس لە شەش دەرچەی سەرەکیی شەقامی 120 مەتری دەگوازنەوە بۆ وێستگەی سەرەکی.

پڕۆژەکە جگە لە لایەنی ئەندازیاری، وەک سەرچاوەیەکی نوێی ئاو بۆ ئاودێریی پشتێنەی سەوزایی و پارکە گشتییەکان سوودی لێ دەبینرێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پاراستنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە و رێگری لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەکات.

ئەم پڕۆژەیە نەخشەی ژینگەیی و خزمەتگوزاریی هەولێر بۆ داهاتوو دەگۆڕێت و ژێرخانێکی پتەو بۆ بەڕێوەبردنی ئاو دابین دەکات.