موسەننا سامەڕائی بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا
دەستەی دەستپاکیی عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ موسەننا سامەڕائی و زیاد جەنابی دەرکرد و بڕیاری دا دەیان ملیار دیناریان لێ وەربگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "عەزم" سەپێنراوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق هۆکاری ئەم سزایەی بۆ سوودمەندبوونی سامەڕائی لە گرێبەستەکانی هەردوو کۆمپانیای پاڵاوگەی باکوور و باشوور گەڕاندووەتەوە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە دا، دادگا بڕیاری داوە موسەننا سامەڕائی ناچار بکات بڕی 30 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، لەبەرئەوەی لە رێگەی نێوەندگیری لە گرێبەستەکانی ئەو دوو کۆمپانیایەدا ئەو بڕە پارەیەی بەدەستهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا دەستەی دەستپاکی باسی لەوە کرد، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی تووند بەسەر زیاد جەنابی، سەرۆک خولی پێشووی
لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان سەپێنراوە.
هاوکات بڕیار دراوە ئەو پەرلەمانتارە بڕی چوار ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، لەبەرئەوەی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەی باکوور سوودمەند بووە و پارەکەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێناوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2026، حکوومەتی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە گەندەڵی لەژێر ناوی (هەڵمەتی بەرەبەیان) دەست پێ کرد، تێیدا دەیان پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای حکوومی دەستگیر کران. ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری پاڵاوگەکانی باکوور بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر کرا.
لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، جومەیلی دانپێدانانی زۆری لەسەر تێوەگلانی چەندین کەسایەتیی سیاسی لە رێککەوتن و گرێبەستە نایاساییەکانی کەرتی نەوت و پاڵاوگەکاندا دا، لەم نێوەندەشدا موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و زیاد جەنابی پەرلەمانتار لە دیارترینیان بوون.