ئیلهام ئەحمەد: مانەوەی چەکداران لە عەفرین رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان

ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد رایگەیاند، بەردەوامبوونی مانەوەی چەکداران لە عەفرین، بەربەستە لە بەردەم گەڕانەوەی تەواوەتیی دانیشتووان بۆ ناوچە رەسەنەکانیان.

هاوکات جەختیکردەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکان یەکێکە لە ئەنجامەکانی رێککەوتن و تێکەڵکردنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا.

ئیلهام ئەحمەد روونیکردەوە، ناوچەکە و گوندەکان بەدەست پێشێلکاریی دەناڵێنن.

ئیلهام باسی لە پێشێلکارییەکان کردووە و دەڵێت، خۆیان دەبیننەوە لە دەستبەسەرداگرتنی خانوو، و زەوییە کشتوکاڵییەکان، دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی زەیتوون، سەپاندنی باجی نایاسایی و گوشارخستنە سەر دانیشتووانی ناوچەکە.

ئیلهام روونیکردەوە، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان، ئاوارەکان لە مافی گەڕانەوەیان بێبەش دەکات، ئاشکراشیکرد، هەندێک لە گەڕاوەکان ناچاربوون خانوو بەکرێ بگرن، چونکە نەیانتوانیوە خانووەکانی خۆیان وەربگرنەوە.

لەچوارچیوەی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە، ژمارەیەک لە ئاوارەکانی عەفرین گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی رەسەنی خۆیان و بەشێکیشیان رێگرییان لێکراوە.

دووشەممە، 26ـی ئەم مانگە، هەندێک لە ئاوارەکانی گرێ سپی لەسەر داوای بەرێوەبەرایەتی ناوچەکە، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام لە رێگە گەڕانەوەیاند لەلایەن ئەو خەڵکە عەشایەرە عەرەبانەی لە ناوچە نیشتەجێکراون پەلامار دران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێندرا.

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شاری سەرێکانی دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی زۆرەملێیان لە ناوچەکانیان، لە 10ی ئابی 2026 دەستیپێکرد. پرۆسەکە لەلایەن لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکی مرۆیی و ئەمنی سەرپەرشتی کرا، کە لەلایەن مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پارێزگاریان دەکرا.