عەبوودی: زەیدی سەردانی کوەیت و بەحرەین دەکات

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند: سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، لە قۆناخی داهاتوودا سەردانی کوەیت و بەحرەین دەکات. هاوکات ئاشکرای کرد، بەغدا بەرەو رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای شیڤرۆن هەنگاو دەنێت بۆ راکێشانی بۆریی نەوت بەرەو بەندەری بانیاسی سووریا وەک جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمز.

پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی عێراقی، ئاماژەی بە زنجیرە سەردانەکانی پێشووی زەیدی بۆ وڵاتانی (ئەمریکا، تورکیا، ئێران، قەتەر، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئوردن و دواجاریش سووریا) کرد و رایگەیاند: ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی دیدگای حکوومەتدان بۆ کرانەوە بە رووی دراوسێکان و وڵاتە کاریگەرەکاندا بە مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان.

عەبوودی جەختی لەوە کردەوە، کە جووڵە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەرەنج دەخەنە سەر لایەنی ئابووری، بە تایبەت دوای ئەو دەرئەنجام و تەنگژانەی بەهۆی دۆخی گەرووی هورمزەوە هاتنە کایەوە. گوتیشی: پێویستە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی تەنیا پشت بە یەک رێڕەوی ستراتیژی نەبەستێت؛ بۆیە حکوومەت کار لەسەر رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوە تاوەکو بەردەوامی و سەقامگیریی داهاتە نەوتییەکان مسۆگەر بکرێن.

گوتەبێژەکە سەردانی سەرۆکوەزیرانی بۆ دیمەشق وەک وێستگەیەکی ئابووریی گرنگ وەسف کرد کە ترسی چەندین مانگەی نێوان هەردوو وڵاتی رەواندەوە و ئاشکرای کرد، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 250 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها عێراق بەرەو گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای شیڤرۆن هەنگاو دەنێت بۆ راکێشانی بۆڕییەکی هەناردەی نەوت بە خاکی سووریادا بەرەو بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست، تا ببێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەبوودی باسی لەوە کرد، بەم نزیکانە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەر یەکە لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین دەکات، لەپاڵ ژمارەیەک لەو وڵاتانەی کە خاوەنی بەرژەوەندی و هاوبەشیی ستراتیژین لەگەڵ بەغدا، بە مەبەستی بەرفراوانکردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەلی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی بکات.