حووسییەکان بۆ سعوودیە: راگرتنی جەنگ لە بەرژەوەندیی ئێوەدایە

رێبەری بزووتنەوە ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن، هەر جۆرە گەمارۆدانێکی شاری تەعزی رەتکردەوە و بانگەشەکانی لەو بارەیەوە بە ناڕاست وەسف کرد؛ هاوکات جەختی کردەوە کە رێڕەوەکان بە رووی هاوکارییە پزیشکی و خۆراکییەکاندا بە تەواوی کراوەن.

پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولمەلیک حووسی، ڕێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەرگا بە تەواوی واڵایە لەبەردەم گەیشتنی کەرەستە خۆراکییەکان، دەرمان و سەرجەم پێداویستییە مرۆیییەکان بۆ شاری تەعز، لەنێویاندا ئەو ناوچانەشی کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی سەر بە سعوودیەدان.

رێبەری حووسییەکان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ڕوونی کردەوە، کە رێوشوێنەکان تەنیا تایبەتن بە ڕێگریکردن لە چەک؛ قەدەغەکارییەکان تەنیا بۆ ئەوەیە چەک نەگاتە دەست ئەو گرووپانەی کە سەر بە سعوودیەن، دەنا سەرجەم سەرچاوەکانی خۆراک و پێداویستییە مرۆیییەکان بەردەستن بۆ تەواوی دانیشتووانی شارەکە.

عەبدولمەلیک حووسی داوای لە سەرجەم ئەو لایەنانە کرد کە دەیانەوێت لە راستیی دۆخەکە دڵنیا ببنەوە، بچنە نێو شاری تەعز و لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی شاهیدی رەوشەکە بن؛ هاوکات جەختی کردەوە کە هەر شتێک پێچەوانەی ئەمە بگوترێت راست نییە.

هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی ریاز کرد کۆتایی بە پەلامار و گەمارۆکانیان بۆ سەر گەلی یەمەن بهێنن و ئاماژەی بەوە کرد، راگرتنی ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی خودی سعوودیەدایە؛ لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە سووربوونی سعوودیە لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هیچ سوودێکی بۆ ئەو وڵاتە نابێت جگە لە کەڵەکەبوونی زیان و شکستەکان.

لە مانگی تەممووزی 2026ـەوە گرژییە سەربازییەکانی نێوان حووسییەکان و سعوودیە بەردەوامن. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەو گرووپە و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن پەرەیان سەندووە.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکانی سعوودیە و حووسییەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشەکانی حووسییەکان زیاتر فڕۆکەخانەکانی مەلیک خالید لە ریاز، ئەبها، جازان، نەجران و دەمامیان کردووەتە ئامانج. هەروەها چەند دامەزراوەیەکی نەوتی و پێگەی سەربازی لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.

سعوودیە لە ئاداری 2015ـەوە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات بە ئامانجی پشتیوانیکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن لە بەرامبەر حووسییەکان. هەروەها حووسییەکانیش کە تۆمەتبارن بە وەرگرتنی پشتیوانیی ئێران، لە ئەیلوولی 2015ـەوە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەن و چەند پارێزگایەکی دیکەیان کردووە.