تۆم بەڕاک: پڕۆژەی 'ئیسرائیلی گەورە' تەنیا وەهمە
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا رایگەیاند، دەستەواژەی ناسراو بە 'ئیسرائیلی گەورە' تەنیا وەهم و خەیاڵپڵاوییە و هیچ بوونێکی لەسەر ئاستی واقیعی سیاسیی ناوچەکەدا نییە؛ هاوکات رەخنەی لە هەوڵەکانی ئیسرائیل گرت بۆ پێداچوونەوە بە سنوورە دەرەکییەکانی لە دوای ڕووداوەکانی حەفتی ئۆکتۆبەر.
پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی گوتی: باسکردن لە پڕۆژەی (ئیسرائیلی گەورە) تەنیا کۆمەڵێک وەهم و دروشمن کە سیاسییەکان لە کاتی ململانێکانیاندا دژ بە یەکتری بەکاریان دەهێنن، ئەگینا هیچ بوونێکی راستەقینە و واقیعی لە گۆڕەپانی سیاسی و جوگرافیی ناوچەکەدا بۆ ئەم چەمکە بوونی نییە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی جەنگ و گوتی: هێرشەکەی حەفتی ئۆکتۆبەر بووە هۆی هەڵکشانی بەرچاوی گوتاری توندڕەوانە لەنێو ئیسرائیلدا و وای لێ کرد بیر لە پێداچوونەوە و دەستکاریکردنی سنوورە دەرەکییەکانی خۆی بکاتەوە، بەڵام ئەم ئاراستەیە بە هیچ جۆرێک دروست نییە.
تۆم بەڕاک جەختی لە گرنگیی بەگەڕخستنی ئامرازە ئاشتیخوازەکان کردەوە ئاماژەی بەوە دا، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە سەرجەم ناکۆکی و ململانێ هەرێمییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسیەتەوە چارە بکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ کەسایەتییەک وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەسەڵات بەڕێوەدەبات.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لە لایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماس و هەوڵەکانی رزگارکردنی بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشی سەر کەرتی غەززەی دەستپێکرد، بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 33 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 70 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.
پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەوە" چییە؟
لە ئەدەبیاتی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەردەوام وەک کارتێکی گەرمی ململانێ سەرهەڵدەداتەوە. ئەم دەستەواژەیە تەنیا رەنگدانەوەی تەماحی سنووری جوگرافی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە گرێدانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستیی زایۆنیزم بە گێڕانەوە مێژوویی و دەقە ئایینییەکان، کە لە کاتی هەر گرژییەکی هەرێمیدا وەک ئامرازێکی شەرعیەتدان بە فراوانخوازی یان وەک هۆشدارییەک لە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە دەخرێتە بەرباس.
رەگوڕیشەی هزریی ئەم چەمکە، پەیوەستە بە لێکدانەوەی بەشێک لە نووسراوەکانی تەورات سەبارەت بە "خاکی بەڵێندراو" ئاماژە بە پەیمانی نێوان خودا و ئیبراهیم کراوە بۆ پێدانی نیشتمانێک بە نەوەکانی، کە لە نەریتی جوودا سونوردار کراوە بە دیاریکردنی هەردوو ڕووباری نیل و فورات.
لە هاوکێشە هەنووکەیییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم دەستەواژەیە لە دوو رەهەندەوە لێکەوتەی هەیە:
لە گۆشەنیگای دەوڵەتانی ناوچەکە: وەک هۆشدارییەکی بەردەوام لە مەترسیی فراوانخوازیی سەربازیی ئیسرائیل و لەباربردنی پڕۆژەکانی ئاشتی سەیر دەکرێت، هاوکات دەخرێتە خزمەت یەکخستنی گوتاری بەرگریی ناوچەیی.
لە نێوخۆی ئیسرائیلدا: لەلایەن باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو و پارتە ئایینییەکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ فشارخستنە سەر حکوومەت تا رێگری لە کشانەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان بکات و پەیوەستبوونی ئایینی بە خاکەوە لە پێشینەی مامەڵە دیپلۆماسییەکان دابنێت.