پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر چۆن جووڵە دەخاتە ناو کەرتی گەشتیاری و بازاڕەوە؟

شارەزایەکی بواری ئابووری رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و سەدان هەزار سەردانکەر لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب، سووڕی پارە لە بازاڕی هەولێر خێراتر دەکات و دەرفەتی کاری کاتی بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت هەولێر ببێتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پیشەسازیی پێشانگاکان.

ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. خالید حەیدەر، شارەزای ئابووری بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی "کۆبوونەوەی 400 دەزگا و سەدان هەزار سەردانکەر لە ماوەی 10 رۆژدا، داواکارییەکی گەورە و خێرا بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی فرۆشتن، بەرزبوونەوەی داهات، رەخساندنی دەرفەتی کاری کاتی و خێراتربوونی سووڕی پارە لە بازاڕی هەولێردا."

ئەو شارەزایەی ئابووری باسی لەوە کرد، هاتنی شاندە بیانییەکان و گەشتیارانی دەرەوەی هەولێر، نەختینەی نوێ دەخاتە ناو ئابووریی شارەکەوە. بە تایبەتی خەرجکردنی پارە لە هۆتێل، چێشتخانە، کەرتی گواستنەوە و بازاڕکردندا، داواکاری و داهاتی بازرگانە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

خالید حەیدەر، روونیشی کردەوە، پێشانگاکە تەنیا بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی کتێب نییە، بەڵکو زنجیرەیەک چالاکیی ئابووریی هەمەچەشن دروست دەکات؛ بە شێوەیەک دەکرێت قازانجی کۆی ئەو کەرتانەی وەک هۆتێل و گواستنەوە، تەنانەت لە قازانجی فرۆشی کتێبیش زیاتر بێت، هەرچەندە پشتڕاستکردنەوەی ئەمە پێویستی بە داتای وردی فرۆشتن و خەرجی هەیە.

سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکانی پێشانگاکە، ئاماژەی بەوە دا، کارە کاتییەکان داهاتێکی باش بۆ گەنجان و خێزانەکانیان دابین دەکەن و بارگرانیی داراییان لەسەر کەم دەکەنەوە، هاوکات ئەزموونی پیشەیی، شارەزایی و تۆڕی پەیوەندیی فراوان بۆ گەنجان فەراهەم دەهێنن کە لە داهاتوودا توانای بەشدارییان لە بازاڕی کاردا بەهێزتر دەکات.

لە بارەی قەبارەی مانەوەی داهات لە هەرێمی کوردستان، د. خالید باسی لەوە کرد، هەرچەندە بەشێک لە پارەی فرۆشی کتێب دەچێتە دەرەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی لە رێگەی کرێی شوێن، مووچەی کارمەندان، خەرجی هۆتێل، خزمەتگوزارییەکان و باج لە ناوخۆدا دەمێنێتەوە و کاریگەریی چەندقاتبوونی ئابووری دروست دەکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، ئەو پسپۆڕەی ئابووری پێشنیاری کرد حکوومەت و کەرتی تایبەت دەستپێشخەریی زیاتر بکەن، لەوانە: پێشکەشکردنی پاکێجی هەرزانی گەشت و مانەوە لە هۆتێل، ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا، داشکاندنی گومرگی بۆ کتێب و

پێداویستییەکانی پێشانگا، دابینکردنی گواستنەوەی هەرزان و هاندانی کۆمپانیاکان بۆ سپۆنسەری. دەشڵێت، ئەگەر ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلانێکی چەند ساڵەدا جێبەجێ بکرێن و ماوەی مانەوەی گەشتیاران درێژ بکرێتەوە، دەتوانرێت ئامانجی دوو هێندەکردنی سوودی ئابووریی پێشانگاکە بەدەست بهێنرێت.

ۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کرایەوە و 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 40 وڵات بەشدارن و  تاوەکو سبەی شەممە بەردەوام دەبێت.